ئێران؛ دوو حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركران

جیهان

19/02/2020     ژمارەی بینراو 249

راچڵەكین-

لەئێران دووحاڵەتی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركران. وەك ناوەندی كۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەكان لەوەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە بڵاویكردووەتەوە.

ناوەندەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە 19-2-2020 لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوو كەس لەشاری قوم تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەئێستادا لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە بەمەبەستی زانینی هۆكاری تووشبوونی ئەو دوو كەسە بە كۆرۆنا.

هاوكات كیانووش جەهانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوو هەندێك كەیسی گومانلێكراو لە شاری قوم تێبینی كراون، دوای گەیشتنی هەواڵ پێیان تیمە تەندروستییەكان گەیشتوونەتە لای ئەو كەسانەی گومانیان لێدەكرێت، جیایان كردوونەتەوە و پشكنینیان بۆ كردوون". 

جەهانپوور دەڵێت، دوای ئەوەی ئەنجامی پشكنینەكان نێردراونەتەوە، دوو حاڵەتی ئەرێنی ڤایرۆسەكە هەبووە.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، لیژنەی تەندروستی نیشتمانی چین رایگەیاند،تا ئەمڕۆ ژمارەی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە زیاتر لە 74 هەزارو 186 كەس، هاوكات لە دەرەوەی چین و لەوڵاتان و ناوچەكانی تر هەزارو 15 تووشبووی تر تۆمار كراون بەوەش كۆی گشتی تووشبوان لەسەرانسەری جیهاندا گەیشتووەتە 75 هەزارو 201 كەس.

لەهەمان كاتدا ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەچین گیانیان لەدەستداوە گەیشتووە 2 هەزارو 6كەس، لەدەرەوەی ئەو وڵاتەش 6 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆماركراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن