وێستگەیەكی 150 مێگاواتی لەهەرێمی كوردستان دەخرێتەكار

ئابوری

14/07/2020     ژمارەی بینراو 202

راچڵەكین-

وێستگەیەكی 150مێگاواتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دەخرێتەكار، وتەبێژی وەزارەتی كارەباش دەڵێت:"لەگەڵ بەگەڕخستنی وێستگەكە، كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێمی كوردستان 3000 مێگاوات تێدەپەڕێنێت.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پرۆژەكە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت دەكرێتەوەو توانای بەرهەمهێنانی 150مێگاوات كارەبای هەیە.

لەماوەی رابردوودا وێستگەی یەكەمی هەڵمی خەبات كرابووەوە كە ئەویش توانای بەرهەمهێنانی 150مێگاوات كارەبای هەیە، بەمەش كۆی كارەبای بەرهەمهاتوو لە هەرێمی كوردستان 3000 مێگاوات تێدەپەڕێنێت.

بەپێی زانیارییەكانی تیمی سەرپەرشتیاری وێستگەكە، وێستگەی كارەبای هەڵمی خەبات بە یەكێك لەو وێستگە پێشكەوتووانە دادەنرێت كە بەتەكنەلۆژیایەكی بەرز دروستكراوە و لەڕووی كەمی تێچوون و پاراستنی ژینگەوە گرنگییەكی رادەبەدەری هەیە و جیاوازە لە وێستگەكانی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا، كە لە رێگەی گازی سرووشتی و گازوایلەوە كاردەكات، تەنانەت ئەو ئاوەی كە لەوێستگەكە دەردەچێت چارەسەری كیمیایی بۆ دەكرێت و دەتوانرێت دووبارە لەلایەن مرۆڤەوە بەكاربهێندرێتەوە.

ئەو وێستگەیە لەلایەن تیمێكی ئەندازیارانی كۆرییەوە سەرپەرشتی دەكرێت. لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تیمەكە گەڕانەوە كۆریای باشوور، بەڵام 12-6-2020، تیمەكە بۆ كارپێكردنی وێستگەكە گەیشتنەوە هەولێر.

لە 6ی ئابی 2012 لە ڕێوڕەسمێكدا لە هەولێر گرێبەستێك بۆ دامەزراندنی دوو وێستگەی كارەبایی لە هەرێمی كوردستان لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و دوو كۆمپانیای كۆریای باشوور بەناوەكانی كۆمپانیای (KNOC) و (پۆسكۆ) بە بڕی 700 ملیۆن دۆلار واژۆكرا.

گرێبەستی یەكەم بۆ دامەزراندنی یەكەمین وێستگەی هەڵمیی بەرهەمهێنانی كارەبا بوو لە ناوچەی خەبات لە هەولێر كە لە قۆناغی یەكەمدا بڕی 300 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت. پرۆژەكە دەبووایە لە ماوەی 36 مانگدا تەواو بێت بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی بۆ ماوەی 4 ساڵ دواكەوت.

ئێستا لە هەرێمی كوردستان 14 وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا هەن، كۆی توانای وێستگەكان دەگاتە شەش هەزار و 737 مێگاوات، بەڵام تەنیا نزیكەی 3000 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنن.

س/ رووداو

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن