"هاووڵاتییان بەهۆی خراپی دۆخی دارایی-یان زێڕەكانیان دەفرۆشنەوە"

ئابوری

14/07/2020     ژمارەی بینراو 205

راچڵەكین-

نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە كاتێكدایە كە گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و چین روو لە زیادبوونە و بەھۆیەوە دڵەڕاوكێ لە بازاڕەكان دروست بووە و لە هەرێمی كوردستانیش بەشێك لە خەڵكی بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانییان، زێڕەكانییان دەفرۆشنەوە.

هەندرێن وەرتی، وتەبێژی سەندیكای زێڕینگەرانی هەولێر، رایگەیاند: "ئێستا یەك ئۆنسی زێڕ كە دەكاتە ٣١ گرام و ١٠٠ سەنت بە ھەزار و ٨٠٨ دۆلاری ئەمریكییە، ئەو مامەڵەی كە ئەمڕۆ خەڵك دەیكات زیاتر بۆ پێداویستی و بژێوی ژیانییەتی و پێویستی بە دابینكردنی ئازووقە و كرێی خانوو هەیە، ئەو زێڕەی ھەیەتی دەیفرۆشێتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە لە رابردوودا باری ئابووری خەڵك باش بووە و بەشێك لەو مووچانەی كە وەریانگرتووە، زێڕیان پێ كڕیووە و ئەمڕۆ سوودی لێ دەبیننەوە و دەیفرۆشێنەوە".

هەرچەندە بەپێی هاوكێشە ئابوورییەكان، كاتێك رێژەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان روو لە بازاڕەكانی زێڕ دەكەن بۆ فرۆشتنەوە، دەبووایە نرخی زێڕ دابەزێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، نرخی زێڕ بەشێوەیەك بەرزبووەتەوە كە لە پێنج ساڵی رابردوودا نەگەیشتووەتە ئەم نرخە و لەمبارەیەوە، هەندرێن وەرتی وتی: "دەبووایە كە زێڕ دەفرۆشرێت نرخ دابەزێت، بەڵام لەبەر ئەوەی نرخی زێڕ جیھانییە و وڵاتانی وەك ئەمریكا و چین مامەڵە بە زێڕەوە دەكەن لە بانكی نێودەوڵەتییش كە زێڕ بەرامبەر بە دۆلار پێوانە كراوە، لەوێ یاریی بە نرخەكە دەكەن".  

هەندرێن، وتیشی: "كاتێك كە وڵاتی چین رووی لە كڕینی زێڕ كرد، ئەوا هەریەك لە ئەمریكا، رووسیا، ئوستراڵیا و كەنەدا روویان لە كڕینی زێڕ كرد، لەڕاستیدا ئەگەر فرۆش زۆر بوو ئەوا نرخ دادەبەزێت، بەڵام ئەم فرۆشەی لە ناوخۆدا هەیە، كاریگەری ئەوتۆی نییە چونكە قەبارەكە كەمە و خەڵك لێرە بۆ دابینكردنی پێداویستی رۆژانەی، زێڕ دەفرۆشرێت".  

رۆژی دووشەممە جارێكی دیكە بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان درێژكرایەوە، بەوتەی وتەبێژی سەندیكای زێڕینگەرانی هەولێر، داخستنی فڕۆكەخانەكان كاریگەری راستەوخۆی كردبووە سەر بازرگاكان و دواتر توانراوە دەرچەیەك بۆ ئاڵوگۆڕی مامەڵەكانییان بكەنەوە و لەمبارەیەوە وتی: "لە داخستنی فڕۆكەخانەكان، پێش هەموو كەس بازرگانانی زێڕ زەرەرمەندبوون، بەڵام سەندیكای زێڕینگەرانی ھەولێر بەھاوكاری لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر و ھەماھەنگی لەگەڵ كارگۆی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، رێكارێكیان دۆزیەوە بۆ ئەوەی زێرە شكاوەكان بنێرنەوە بۆ توركیا بۆ ئەوەی لەڕێگای ئەم جموجۆڵەوە بتوانرێت بازاڕ نەوەستێت و هەر ئەمەیش بووە هۆكار كە بازاڕ بەردەوام بێت".

لەبارەی ئامارەكانی هاوردەكردن و هەناردەكردنی زێڕ، گوتەبێژی سەندیكای زێڕینگەران گوتی: "ساڵانە ئامارمان ھەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ھیچ ئامارێكی دروستمان نییە، بەڵام زۆرترین مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا، ئیمارات و دوبەی-یە و لەئێستاشدا مامەڵەی ئاڵوگۆڕی زێڕ لەگەڵ ئیستانبوڵ بەهێزە چونكە لەوێ بابەتی باج و ھەقدەست كەمترە".

ئەگەرچی پێشبینی دەكرێت كە دوای تەواوبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، جموجۆڵی بازاڕ ئاسایی ببێتەوە، بەڵام گوتەبێژی سەندیكای زێڕینگەرانی هەولێر پێی وایە هەموو ئەگەرێك كراوەیە و رەنگە مامەڵەكان گۆڕانكارییان بەسەردابێت و لەمبارەیەوە دەڵێت "زۆر لە ئابووریناسان پێشبینی دەكەن لەگەڵ نەمانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ھێرشێكی گەورە بۆسەر زێڕ بچێت و تۆزێك نرخی بەرزتربێتەوە چونكە خەڵكێك دەیەوێت بۆ نموونە لە دوبەی بە كیلۆ زێر بكرێت، بەڵام ھەموو ئەگەرێكیش كراوەیە و رەنگە پشێبینییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن