حكومەتی هەرێم بڕێك لەقەرزی بازرگانانی وەرگرتووەتەوە

ئابوری

14/07/2020     ژمارەی بینراو 423

راچڵەكین-

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، نزیكەی 500 ملیۆن دیناری قەرزی جۆراوجۆری بازرگانییان وەرگرتووەتەوە.
 
د. عەبدولحەكیم خەسرەو، سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیران، رایگەیاند:" لە درێژەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ،تاوەكو ئێستا نزیكەی 500 ملیۆن دینار لە‌و بازرگان‌ و كەسانە وەرگیراوەتەوە كە پێشتر قەرزیان لە حكومەت كردووە".
 
د. عەبدولحەكیم خەسرەو دەڵێت، "بانكەكانی وەزارەتی دارایی تاپۆكانیان ئاگادار كردووەتەوە ئەو موڵكانەی وەك گەرەنتی لە بری قەرزەكان دانراون، ئەگەر خاوەنەكانیان هەر ئامادەنەبوون قەرزەكان بگەڕێننەوە، ئەوا مۆڵكەكانیان دەخرێنە موزایەدەوە. ئەگەر لەوێشدا نەفرۆشرێن، ئەوا دەبنە موڵكی وەزارەتی دارایی".
 
وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكومەت كە لای بازرگانانە، وەك باس دەكرێت نزیكەی 800 ملیار دینارە،  لەسەر دوو بنەمایە: یەك لە 5ی 5ی 2020 سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد و یەكێك لەو بڕیارانە وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان بوو. دوو پشت بەستنە بە بڕگەی سێسەمی ماددەی 13ی یاسای چاكسازی كە لەو ماددەیەدا باس كراوە پێویستە وەزارەتی دارایی ئەو قەرزانە وەربگرێتەوە.
 
یاسای چاكسازی كە لە 19 ماددە پێكهاتووە و لە 2020/01/16 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكرا و 2020/02/03 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر كرد و لە 2020/07/01ـەوە یاساكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 
لەنێوان ساڵانی 2007  بۆ 2011 هەندێ‌ك لە خاوەن كۆمپانیا و بازرگانان لە رێگەی بانكە بازرگانییەكانەوە قەرزیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا بەشێك لەوانە ئامادەنین ئەو قەرزانە بدەنەوە.

س/ رووداو

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن