توركیا دوایین هۆشداری بە سوریا دەدات

جیهان

19/02/2020     ژمارەی بینراو 704

خەڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا

راچڵەكین

حكومەتی توركیا رایدەگەیەنێت، خاڵەكانی چاودێری لە پارێزگای ئیدلب-ی سوریا چۆڵ ناكات، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەش هۆشداری بە سوپای سوریا دەدات وەڵامێكی توندیان دەدەنەوە ئەگەر هێرش بكەنە سەر بنكەو خاڵە سەربازییەكانیان لەو وڵاتە.

خەڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا، ئەمڕۆ 19-2-2020 لە لێدوانێكدا رایگەیاند: بەنیاز نین هێزەكانمان لە ئیدلب بكشێنینەوە، كە لە خاڵەكانی چاودێری جێگیركراون.

وتیشی: توركیا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە رێكاری پێویست بگرێتە بەر بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری و پاراستنی ئاگربەست، چونكە ئەنكەرە یەكێكە لە وڵاتانی دەستەبەركردنی ئاگربەست و لە رێككەوتنی "سوچی" نێوان روسیا و ئێران و توركیا ئەو مافەی پێدراوە.

وەزیری بەرگری توركیا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی لە سوپای سوریا كرد ئەگەر هێرش بكاتە سەر بنكە و خاڵە سەربازییەكانیان لەناوخۆی ئەو وڵاتە.

خەڵوسی ئاكار داواشی لە ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا كرد، پابەندی بەڵێنەكانیان بن لەبارەی دۆخی سوریاو هەنگاوی كردەییش بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانیان لەو وڵاتە بنێن.

لێدوانەكەی وەزیری بەرگری توركیان لەكاتێكدایە ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی سەربازی كردبوو بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە سوپای سوریا لەچەند رۆژی رابردوو لەسنووری هەردوو پارێزگای حەلەب و ئیدلب رزگاری كردبوونەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن