راچڵەكین-
ئەمڕۆ شەممە ( دڵزاری)ی شاعیر بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
لقی هەولێری یەكێتی نووسەرانی كورد بڵاویكردووەتەوە:"بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ھەواڵی كۆچی دوایی، شاعیری گەورە و تێكۆشەر مامۆستا ئەحمەد دڵزار ڕادەگەیەنین."
ئەوەش روونكراوەتەوە:" مامۆستا دڵزار نەك ھەر شاعیرێكی ناودار و تێكۆشەر بوو، بەڵكوو ھەموو ژیانی خۆی لە پێناو خەبات و كوردایەتی و خزمەتكردنی ئەدەب و كولتووری كوردی بردە سەر."
دڵزار ناوی تەواوی، ئەحمەد مستەفا محەممەد ئاغای حەوێزییە، لە ساڵی ١٩٢٠ لە شاری كۆیە و لە بنەماڵەیەكی ناسراو، بەڵام دەستكورت لە دایك بووە، كە ئەوكات تازە جەنگی جیھانیی یەكەم كۆتایی پێھاتووە و گرانییەكی سەیر ڕووی لە كوردستان كردووە. دایكی ناوی عائیشە عەبدول عەزیزی نەوەی كاكی زێوە بووە.
باوكی ھەمیشە شیعری فارسی بۆ كردوونەتەوە كوردی، ھاوكات داستانی جوانیشی بۆ خوێندوونەتەوە، لەوانە شانامەی فیردۆسی، كە كاریگەری لەسەری ھەبووە، ھاوكات ئەوەش دەڵێ، كە لە تەمەنی ٧ ساڵیدا باوكی ڕادەستی مەلا ئەسعەدی كردووە و فێری نووسین و خوێندنەوە بووە، ماوەی دوو ساڵێك لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی.
لە ساڵی ١٩٢٩ و لە تەمەنی ٩ ساڵیدا دەچێتە بەر خوێندنی سەرەتایی لە كۆیە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٧ بۆ یەكەمجار قوتابخانەی ناوەندی لە كۆیەدا دەكرێتەوە، ئەویش دەچێتە ناوەندی و دواتر دەست لە خوێندن ھەڵدەگرێت، دواتر لە ٢٨ی شوباتی ١٩٤٣ دەبێتە سەرباز.