عەبدولحەلیم خەسرەو: ماف و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆران لەلایەن حكومەتەوە زامن كراوە

کوردستان

12/09/2021     ژمارەی بینراو 206

راچڵەكین-

سەرۆكی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران دڵنیایی دەدات لەوەی ماف و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆران لەلایەن حكومەتەوە زامن كراوە.

د. عەبدولحكیم خەسرەو، بە میدیاكانی نزیك لەپارتی راگەیاندووە "لە بەردەوامیی پرۆسەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیدا تاوەكوو ئێستا لیژنە پەیوەندیدارەكانی وەز‌ارەت و دامودەزگاكانی حكوومەت پێداچوونەوەیان بە دۆسیەی نزیكەی 365 هەزار فەرمانبەری مەدەنیدا كردووە و لە پڕۆسەكەش بەردەوامن و كاری خۆیان دەكەن''.

جەختیشی كردەوە: ''ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی كاروباری شەهیدانەوە، بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، پێداچوونەوە بە دۆسیەی شەهیداندا بەردەوامە و ئەو حاڵەتانەی بەدەرن لە حوكمەكانی ئەم یاسایە، دەستنیشان كراون''.

ئاماژەی بەوەش دا: "پاككردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی ئەو كەسانەی كە بە ناوی گیراو و زیندانیی سیاسی پێچەوانەی یاسا سوودمەند بوون، لەلایەن لیژنەی تایبەت بەم بابەتەوە بەردەوامە".

عەبدولحكیم خەسرەو ئاشكرایشی كرد: ''لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەش پرۆسەی پێداچوونەوە بە لیستی سوودمەندانی خانەنشینیی كەمئەندامان و پەككەوتەی پێشمەرگە بەردەوامه و پێداچوونەوە بە دۆسیەی ‌نزیكەی نۆ هەزار كەسدا دەكرێت، بەشێكیان شایستەن و بەشێكیشیان ڕێژەی پەككەوتەییان دەگۆڕێت".

سەرۆكی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەش كرد: "تاوەكوو ئێستا وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە دۆسیەی دوو هەزار و 424 خانەنشینكراوی، پاش وردبینی، گواستووەتەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی‌ وەزارەتی دارایی و ئابووری و كاركردنیش لە دۆسیەكانی دیكەی خانەنشینیی پێشمەرگە بەردەوامە''.

وتیشی: ''بڕیار وایه گواستنەوەی دۆسیەی شەهیدان لە وەزارەتی پیشمەرگەوە‌ بۆ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەفتەی داهاتوودا جێبەجێ بكرێت''.

بەرپرسەكەی ئەنجوومەنی وەزیران دەشڵێت: ''پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دۆسیەی ئەو 88 هەزار كەسە‌ی وەكوو خاوەن پێداویستیی تایبەت و چاودێری كۆمەڵایەتی مینحەیان بۆ خەرج دەكرێت لەلایەن لیژنەكانەوە بەردەوامه''.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن