پەرلەمان لەبارەی دەستكاركێشانەوەی چەند پەرلەمانتارێك دێتەدەنگ

کوردستان

04/12/2022     ژمارەی بینراو 255

راچڵەكین –

سەرۆكایەتیی دیوانی پەرلەمانی كوردستان، لەوەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستكاركێشانەوەی چەند پەرلەمانتارێك دەكەن، رایدەگەیەنێت، جگە لە پەرلەمانتارانی فراكیسۆنی یەكگرتوو، هیچ ئەندامێكی دیكەی پەرلەمان نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش نەكردووە.

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە، سەرۆكایەتیی دیوانی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، تێیدا هاتووە، "بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین كە ماوەیەكە لێرەو لەوێ باس لەوە دەكرێ گوایە چەند ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان بەنهێنی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی دیوانی پەرلەمان كردبێت",

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، " لێرەدا بە پێویستی دەزانین ڕایبگەیەنین تا ئێستا كە ٤ی ١٢ی ٢٠٢٢، جگە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، هیچ پەرلەمانتارێكی تر لە فراكسیۆنەكانی دیكە، بە فەرمی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش نەكردووە".

راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمانی كوردستان، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە دێت كە باس لەوەدەكرێت چەند پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنە جیاجیاكان بەنهێنی نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، داواشیان كردووە نامەكە بەنهێنی بمێنێتەوەو نەخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان و دەنگی لەسەر نەدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن