پنتاگۆن لەبارەی پاشەكشەكردن لە عیراق روونكردنەوە دەدات

ڕاپۆرت

26/01/2024     ژمارەی بینراو 538


راچڵەكین- 
سەبرینا سینگ جێگری سكرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن دەڵێت، راگەیاندنی دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای سەربازی ئەمریكا و عیراق، بۆ مەبەستی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا نییە لە عیراق، ئەم بابەتە دانوستانی لەبارەوە ناكرێت، بگرە دەستپێكردنی كارەكانی لیژنەكە بە واتای گواستنەوەی هێزەكانی ئەمریكا و عیراقە بۆ قۆناغی "هاوبەشییەكی ئەمنی دوولایەنەی هەمیشەیی". 

سینگ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە پنتاگۆن رایگەیاند"ئەمریكا و حكومەتی عیراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە كۆبوونەوەكانی گروپی كاری لیژنەی باڵای سەربازی ئەمریكا و عیراق دەكەن، لەپێناو دەستپێكردنی پرۆسەیەك كە هەردوولا، لێوەی پابەند دەبوون  بە كاتی گفتوگۆكانی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەشی نێوانیان". 

بە وتەی سەبرینا سینگ "لە میانی كۆبوونەوەی مانگی ئابی 2023، ئەمریكا و عێراق پابەندبوون بە دەستپێكردنی كارەكانی لیژنەی باڵای ئاسایشی هاوبەش، بۆ تاوتوێكردنی ئەركی هاوپەیمانی لەدژی داعش، كە بەپێی خشتەیەكی كاتی دەجووڵێت و سێ فاكتەری سەرەكی لەبەرچاو دەگرێت كە بریتین لە مەترسییەكانی داعش، پێداویستییەكانی ئۆپەراسیۆن و ژینگەیی، و ئاستی توانای هێزە ئەمنییەكانی عیراق.”

جێگری سكرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن دەڵێت"گروپی كاری هاوبەش لە پسپۆڕانی سەربازی و بەرگری ئەم سێ فاكتەرە لەبەرچاودەگرن و راوێژ لەگەڵ لیژنەی هاوبەش دەكەن لەسەر كاریگەرترین پەرسەندنەكانی ئەركی هاوپەیمانی دژی داعش، دڵنیابوون لەوەی كە داعش ناتوانێت جارێكی دیكە سەرهەڵبداتەوە، بە ڕاوێژ لەگەڵ هاوبەشەكان هاوپەیمانان لە هەموو قۆناغەكانی داهاتوودا گفتووگۆ دەكرێت". 

سەبرینا سینگ نایشارێتەوە كە "كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەش دانوستان نییە سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، چونكە ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر بانگهێشتی حكومەتی عیراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عیراقدان، هاوبەشە عیراقییەكانیش دڵنیایان كردووین لە پابەندبوونیان بە كاركردنی هاوبەش بۆ دارشتنی هەنگاوەكانی داهاتووە سەبارەت بە بوونی سەربازی ئەمریكا، دەكرێت لەڕێی شكستی بەردەوامی داعش و لیژنەی باڵای هاوبەشەوە، بچینە قۆناغێكی هاوبەشی ئەمنی دوولایەنەی هەمیشەیی نێوان ئەمریكا و عیراق ، ئەمەش بە رەچاوكردنی سەركەوتنەكانی هەڵمەتەكانی دژ بە داعش".  

سینگ لەبارەی توانا تایبەتەكانی هێزە عیراقییەكان و رادەی پێویستییان بە هێزە ئەمریكاییەكان رایگەیاند"دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی ئەو مەترسییەی كە 10 ساڵ لەمەوبەر بینیمان، هەمان ئەو مەترسییە نییە كە ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە،بۆیە  گروپی كاری لیژنەی باڵای هاوبەش كاردەكات لەپێناو چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگانەی لەداهاتوودا دروستدەبن، هاوبەشییەكە چۆنە، پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان چۆنە، ئەوە پەیوەندی بە داهاتووەوە هەیە، پەیوەندی بە دڵنیابوون هەیە كە عیراق تەواو سەركەوتووبێت لە بەرگریكردن لە وڵاتەكەی". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن