ئاژەڵ هاوردەی سلێمانی دەكرێت و نرخی گۆشت هەرزان دەبێت

ئابوری

02/04/2024     ژمارەی بینراو 341


راچڵەكین- 

لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی چاودێرییەكانیان بۆ بازاڕ چڕ دەكەنەوە، بۆ هەرزانكردنی نرخی گۆشتیش، ئاژەڵی سەربڕین بۆ سلێمانی هاوردە دەكرێت.

وەك ئامادەكاری بۆ رۆژانی جەژن و ئامادەكردنی هێزە ئەمنییەكان و لیژنە هاوبەشەكان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان، كۆبوونەوەیەك لە دیوانی قایمقامیەت ئەنجامدرا و تێیدا ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی داوای لە لیژنە هاوبەشەكان و تیمی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد بەوردی چاودێری كوالێتی و نرخی خواردن و پێداویستییەكان بكەن و رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی رێگری لە كار و بازاڕی كەس ناكەین، پێویستە دوكاندار و دەستگێڕەكانیش ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران دروست نەكەن، بەپێچەوانەوە ناچار بەگرتنەبەری رێكاری یاسایی دەبین.

سەبارەت بە نرخی خواردن و شمەك قائیمقامی سلێمانی وتی، بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلارەوە نرخی خۆراك و پێداویستییە بنەڕەتییەكان جگە لە گۆشتی سوور، بەراورد بە ساڵی پار لە بازاڕەكاندا دابەزیوە، لیژنە هاوبەشەكان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیش راسپێردراون ئەم چەند رۆژەی نزیكی جەژنی رەمەزانی پیرۆز سەردانەكانیان بەرۆژ و شەو بۆ بازاڕ و دوكان و شوێنە گشتییەكان زیاتر بكەن.

هەر لە كۆبونەوەكەدا نوێنەرانی ئاسایش و هاتوچۆو لایەنە ئەمنییەكان تەئكیدیان لەسەر گرتنەبەری رێكاریی ئامادەكاریی پێویست كردەوە لەلایەن تیمی هاوبەشی گەڕۆك و جێگیر لە هەموو ئەو بازاڕو ئەو شوێنانەی كۆبونەوەی هاووڵاتییانی تێدادەبێت، لەبارەی هاتنی گەشتیاران و ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، ئاماژە بەوەكرا كە دەبێت تەواوی میوانخانەو چێشتخانەو نانەواخانەو مۆڵەكان لە رۆژانی جەژندا كراوەبن.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری سلێمانی رایگەیاند؛ بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سوور پەیوەندی بە جیهانەوە هەیە و تەنها لە هەرێم گۆشتی ئاژەڵ گران نییە، بەڵكو لە جیهاندا نرخەكەی بەرز بووەتەوە، ئێستا رۆژانە بڕێكی زۆر ئاژەڵی سەربڕین هاوردەی شاری سلێمانی دەكرێن، كە بەدڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی گۆشت دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن