عیراق لەسەر لێدوانێكی سەرۆككۆماری لوبنان سەبارەت بە حەشدی شەعبی دێتەدەنگ

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 146

راچڵەكین -

لێدوانێكی سەرۆككۆماری لوبنان لەبارەی حەشدی شەعبی، ناڕەزایی حكومەتی عیراقی لێدەكەوێتەوەو وەزارەتی دەرەوەش باڵیۆزی لوبنان لە بەغدا بانگهێشت دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد بەحرلعلوم، جێگری وەزیری دەرەوە، باڵیۆزی لوبنانی لە بەغدا بانگهیشتكرد بۆ گەیاندنی نیگەرانی لەبارەی لێدوانەكانی جۆزێف عەون سەرۆككۆماری لوبنان، كە لەبارەی حەشدی شەعبی كردبووی.

لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عیراقدا هاتووە، حەشدی شەعبی بەشێكی گرنگە لە سیستمی سەربازیی و ئەمنیی عیراق و، دامەزراوەیەكی فەڕمی دەوڵەتە، لێدوانەكەی سەرۆكی لوبنانیش بە دەستوەردانی ناڕاستەوخۆ دێت لە كاروباری ناوخۆی عیراقدا و، گونجاو نییە عیراق بە قەیرانە ناوخۆییەكانی لوبنانەوە گرێبدرێت.

ناڕەزایەتییەكەی عیراق بەهۆی ئەو لێدوانەی جۆزێف عەون سەرۆككۆماری لوبنان بوو، كە رایگەیاندبوو، لەمەودوا چەك لەناوخۆی لوبنان تەنها بەدەست سوپاوە دەبێت و ئەزموونی حەشدی شەعبی لە عیراق دووبارە ناكەینەوەو چەكدارانی حزبوڵڵا وەك یەكەیەكی سەربەخۆی سەربازی لەناو سوپادا جێگایان نابێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن