راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەستگیركردنی دوو ئەفسەر و چەند كارمەندێكی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار رادەگەیەنێت بەتۆمەتی بەشداریكردنیان لە ئاهەنگێك بە جلوبەرگی فەرمییەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نیسانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی دوو ئەفسەر و چوار كارمەندی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار، بە جلوبەرگی فەرمییەوە بەشدارییان لە ئاهەنگێكی بووك گواستنەوەدا كرد، سەرجەمیان دەستگیركران.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بە فەرمانی عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆی عیراق، لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر رووداوەكە پێكهێنراوەو رێكاری توندی سەربازی لەدژی ئەو دوو ئەفسەر و چوار كارمەندەی پۆلیس دەگیرێتەبەر، بەوپێیەی ئامادەبوونیان لە هۆڵی ئاهەنگگێڕان بە جلوبەرگی پۆلیسیەوە، لە شكۆی دامەزراوەی ئەمنیی كەمدەكاتەوە.