راچڵەكین-
لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، زیادەڕەوی كردن لەتەماشاكردنی تەلەڤزیۆن بەتایبەت لە ناوەڕاستەكانی تەمەندا، دوای ماوەیەك كە ڕەنگە بگاتە نزیكەی 20 ساڵ، كاریگەری لەسەر مێشك دروست دەكات.
تیمێكی توێژینەوە لە زانكۆی باشووری كالیفۆرنیا پشتڕاستیان كردووەتەوە، زۆر تەماشاكردنی تەلەڤزیۆن دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە ناوچەكانی بیرەوەری و ئەركە مەعریفیەكان، ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە.
لە چوارچێوەی ئەو توێژینەوەیەدا كە لە گۆڤارێكی زانستیدا بڵاوكراوەتەوەو تایبەتە بە نەخۆشییەكانی ئەلزەهایمەر و نەخۆشی بیرچوونەوە، تیمی توێژینەوەكە بەدواداچوونیان بۆ دۆخی تەندروستی نزیكەی 1700 كەسی پێگەیشتوو كردووە لە ماوەی نێوان ساڵانی 1987 و 1989دا.
تەمەنی ئەو خۆبەخشانە بە تێكڕا لەو كاتەدا نزیكەی 53 ساڵ بووە. بەشداربووانی تاقیكردنەوەكە سەرباری كاری ڕۆژانەیان، ئەو كاتەیان تۆماركردووە لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆن بەسەریان بردووە.
دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ و، ئەنجامدانی پشكنینی تیشكی MRI جیاوازییەكی بەرچاو لە نێوان مێشكی ئەو كەسانەدا دەركەوت كە رۆژانە چەندین كاتژمێر بە تەماشاكردنی تەلەڤزیۆن بەسەر دەبەن لەگەڵ ئەوانەی كە هەرگیز تەشامای ناكەن یاخود بە دەگمەن تەماشای تەلەڤزیۆن دەكەن.
لە پشكنینەكاندا دەركەوتووە، ئەو كەسانەی زۆربەی كاتەكان تەماشای تەلەڤزیۆنیان كردووە، قەبارەی هەندێك لەبەشەكانی مێشكیان كەم دەبێتەوە، لەوانە ئەو ناوچانەی پەیوەستن بە یادەوەری و بڕبڕەكانی پێشەوە و پشتەوەی مێشك، ئەو ناوچانەش پەیوەندییان بە پلاندانان، سەرنجدان، بڕیاردان و پرۆسێسكردنی زانیارییە بینراوەكانەوە هەیە.
بە پێچەوانەوە، توێژینەوەكە دەریخستووە ئەو كەسانەی كە كاتژمێرێكی زیاتر لە شوێنی كاردا بەسەر دەبەن، بڕبڕەی پێشەوە و پشتی مێشكیان گەورەترە، ئەوەش ئەو ڕاستییە نیشان دەدات، زۆرێك لە كارەكانی شوێنی كار پێویستیان بە سەرنجدانی بەردەوام و توانای چارەسەركردنی كێشەكان و پەیوەندیكردن و جۆرەكانی تری بەشداریكردنی هزری هەیە.