لە سلێمانی نەشتەرگەرییەكی دەگمەن بۆ ژنێك ئەنجامدرا

تەندروستی

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 145

راچڵەكین - 

لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاریی سلێمانی نەشتەرگەرییەكی دەگمەن و سەركەوتوو بۆ دەرهێنانی گرێیەك لە منداڵدانی ژنێك ئەنجامدرا و هیوای منداڵبوونی بۆ گەڕایەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویكردەوە، لە كارێكی پزیشكیی سەركەوتوودا، تیمە پزیشكییەكانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاریی سلێمانی توانییان لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەكی تایبەت و وردەوە، كۆتایی بە ناڵاندنی خاتونێكی گەنج بهێنن كە بەدەست بوونی گرێیەكی گەورەوە لە منداڵدانیدا دەیناڵاند، بەمەش هیوای منداڵبوونیان بۆ گەڕاندەوە.

چیرۆكی نەخۆشەكە:

نەخۆشەكە خاتونێكی تەمەن 25 ساڵە، كە بەدەست بوونی گرێیەكی ئێجگار گەورەوە بە قەبارەی 20 سانتیمەتر لە منداڵدانیدا دەیناڵاند. ئەم گرێیە ببووە ڕێگرێكی سەرەكی لەبەردەم پڕۆسەی منداڵبوون.

بەهۆی مەترسییەكانی ئەم دۆخە و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر توانای وەچەخستنەوەی نەخۆشەكە، پزیشكان بڕیاریاندا بەپەلە پرۆسەی چارەسەركردن و نەشتەرگەریی بۆ دەستپێبكەن.

پرۆسەی نەشتەرگەرییەكە؛ بەبێ زیانگەیاندن بە منداڵدان
پرۆسە پزیشكییەكە لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی و بە سەرپەرشتیی بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەكە و تیمێكی پزیشكانی پسپۆڕ (د. سۆما تاهیر، د. كانی فەرەیدون، پزیشكانی بێهۆشكاری و كارمەندانی تەندروستی بەشی نەشتەرگەری ئەنجامدرا.

لەم تەكنیكە پزیشكییە وردەدا، تیمەكە بە لێهاتووییەكی بەرزەوە توانییان گرێكە بە تەواوی لەناو منداڵدانی نەخۆشەكە دەریبهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە زیانێك بە شانە و پێكهاتەی منداڵدانەكە بگەیەنن.

ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە پێویستیان بە وردكاری و شارەزاییەكی زۆر هەیە، تاوەكو دڵنیایی بدرێت لە پاراستنی توانای منداڵبوونی ئافرەتەكە بۆ داهاتوو.

تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكردووە، نەشتەرگەرییەكە بە سەركەوتووییەكی بێوێنە كۆتایی هات و تەندروستیی نەخۆشەكە جێگیرە و بەمەش دەرگایەكی نوێی هیوا و ژیانی ئاسایی بۆ ئەم خاتوونە گەنجە كرایەوە تا بتوانێت لە داهاتوودا ببێتە دایك.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن