مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 835

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی رۆژی شەهیدی یەكێتی، جەخت لە پێداگریی لەسەر ئەركی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی خۆماڵی و سەرخستنی ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستوورییەكان دەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: ئەم یادە مەزنە دەرفەتێكە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی رەوای نیشتمانیی (كوردایەتی) و خەباتی روونی دیموكراتی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی (كوردەواری).

دەقی پەیامەكە:

پەیامی مەكتەبی سیاسی لە رۆژی شەهیدی یەكێتییدا

ئەمڕۆ لە تۆماری دوور و درێژی خەباتی هەمەلایەنەی یەكێتییەكەمان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، رۆژی شەهیدی یەكێتییە، یادی یۆبیڵی زێڕیینی شەهادەت و رێڕەوی ئاوەدانی (كەم بژی و كەڵ بژی)یە كە شەهیدانی سەركردە، شەهید خاڵە شیهاب و هاوڕێكانی شەهید جەعفەر و شەهید ئەنوەر، بوونە پێشەنگی گیانبەخشین و قوربانیدان لە پێناوی ئازادی و سەرفرازیی نیشتمان و گەلەكەماندا.

بۆ بەرز راگرتنی یادەوەری گشت شەهیدانی كاروانی خەباتی یەكێتی، رۆژی 21ـی تشرینی  دووەم وەك رۆژی سەرتاسەری رێزگرتن لە رۆحی شەهیدانی گشت قۆناغەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان و كۆڕی تێكۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دیاریكراوە، تاوەكو هەمووان لەیەك سات و پێكەوە بەڵێنی وەفاداریی بۆ گشت شەهیدان و درێژە پێدان بە رێبازەكەیان دووپاتبكەینەوە.

ئەم یادە مەزنە دەرفەتێكە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی رەوای نیشتمانیی (كوردایەتی) و خەباتی روونی دیموكراتی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی (كوردەواری) كە ئەویش یەكخستنی هەوڵەكانمانە بۆ خزمەتكردنی زیاتری میللەتەكەمان لە پێناوی ئایندەیەكی باشتر و گەشتردا كە حزبی شەهیدان درێغی لێ نەكردووە و لێ ناكات و شەهیدەكانیشمان گیان و ژیانی خۆیان لە پێناویدا بەخشی. ئەوەش تەنها و تەنها بە پێداگریمان لەسەر ئەركی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی خۆماڵی و سەرخستنی ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستوورییەكانمان دێتەدی.

یەكێتی بۆ ئەمە لە كۆڕی تێكۆشاندا ماوە و دەمێنێ تاوەكو یەك بە یەكی ئەركەكانی رزگاری و چاكسازی و خۆشگوزەرانی بۆ ئەم میللەتە شەهیدپەروەرە سەردەخات.

جارێكی تر لە رۆژی شەهیدی یەكێتیدا درود بۆ رۆحی پاكی شەهیدان، سڵاوی ئەمەكداری بۆ كەسوكار و خانەوادە سەربەرزەكانیان.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن