جۆرە دەرزییەك لە بازاڕی دەرمانی هەرێمی كوردستان دەكشێندرێتەوە

تەندروستی

55 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 201

راچڵەكین -

بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵكردنی هێنان و دروستكردنی دەرمان-ی سەر بە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان KMCA، جۆرە دەرزییەك لە بازاڕی دەرمانی هەرێم دەكشێنێتەوە و بەكارهێنان و هەموو جۆرە مامەڵەیەكی كڕین و فرۆشتنیش بەو دەرزییە رادەگرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەبەر سەلامەتیی هاونیشتیمانییان و پاراستنی تەندروستیی گشتیی، بڕیاردرا بەكارهێنان و مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە دەرزیی "فلوفینازین - Fluphenazine Decanoate لەژێر ناوی بازرگانیی "monasan"، رابگیرێت و سەرجەم ژمارە نۆرەكانی "باچەكان" دەرزییەكەش لە بازاڕی دەرمانی هەرێمی كوردستان بكشێندرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی KMCA روونیكردووەتەوە، دوای گەیشتنی نووسراوی سەنتەری عێراقی بۆ چاودێریكردنی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدراڵ تایبەت بە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی - WHO / سیستەمی جیهانیی چاودێریكردن و بەدواداچوونی بەرهەمە پزیشكییە خەوشدار و ساختەكان، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی كڕین و فرۆشتن بە دەرزیی "Monasan Inj. 1 ml Amp" و كشاندنەوەی هەردوو ژمارە نۆرەی دەرزییەكە "250879" و "251988" لە بازاڕی دەرمانی هەرێمی كوردستان.

بەڕێوەبەرایەتییەكە داواشی لەسەرجەم شوێنە دەرمانسازییەكان "كۆگاكان و دەرمانخانەكان" كردووە، فرۆشتن و دابەشكردنی ئەو بەرهەمە دەرمانسازییە ڕابگرن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن