توێژینەوەیەك: گرینلاند و ئەنتاركتیكا 11.3 ترلیۆن تۆن سەهۆڵ لەدەست دەدەن

هەمەڕەنگ

38 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 64

راچڵەكین-

توێژینەوەیەكی نێودەوڵەتی ئاشكرایكردووە، لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە، سەهۆڵبەندانەكانی گرینلاند و كیشوەری جەمسەری باشور (ئەنتاركتیكا)  نزیكەی 11.3 تریلیۆن تۆن مەتری سەهۆڵیان لەدەستداوە، لەئاماژەیەكی نوێدا بۆ خێراتربوونی گۆڕانكارییەكانی ناوچە جەمسەرییەكان.

ئەم ژمارەیە یەكسانە بە نزیكەی 12.5 تریلیۆن تەن بەپێی یەكەی پێوانەكردنی ئەمریكا، كە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە ڕاپۆرتەكەیدا سەبارەت بە توێژینەوەكە بەكاریهێناوە.

توێژەران پشتیان بە ئەنجامی 45 ڕووپێوی سەربەخۆ و ئەو زانیاریانە بەستووە كە لەلایەن 27 سیستەمی مانگی دەستكردی سەر بە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا و ناسا كۆكراونەتەوە، ئەوەش وایكردووە درێژترین تۆمار دروستبكرێت بۆ گۆڕانكارییەكان لە گەورەترین دوو سەهۆڵبەند لەسەر گۆی زەوی.

ئەو بارستە سەهۆڵە تواوەیە بۆ نزیكەی 11.3 چوارتریلیۆن لیتر ئاو، هەروەها رشۆڵی هەبووە لە بەرزكردنەوەی تێكڕای ئاستی دەریای جیهانی نزیكەی 3.1 سانتیمەتر، هاوتەریب لەگەڵ چەند هۆكارێكی تر وەك كشانی ئاوی زەریاكان لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.

هەرچەند بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا بە چەند سانتیمەترێكی سنووردار بەئاسایی وەربگیرێت ، بەڵام ئینس ئۆتۆساكا، توێژەری سەرەكی توێژینەوەكە و زانای سەهۆڵناسی زانكۆی نۆرسەمبریا، ڕوونیكردەوە هەر سانتیمەترێكی زیادە دەتوانێت ساڵی یەكجار ببێتە هۆی ڕوودانی لافاووی كەناراوەكان و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی 2-3 ملیۆن كەس لەو ناوچانە. 

توێژینەوەكە ئەوەی ڕوونكردووەتەوە، بەشێكی زۆری لەدەستدانی سەهۆڵبەندانەكە ڕاستەوخۆ لە ئەنجامی گەرمبوونی هەوا و توانەوەی ڕووی سەهۆڵبەندانەكانەوە نەبووە، بەڵكو لە ئەنجامی پرۆسەی دینامیكی پەیوەست بە ڕۆیشتنی سەهۆڵبەندانەكان بۆ ناو زەریاكان بووە.

گرنگی ئەو توێژینەوە تەنها خستنەڕووی ژمارەی گەورە نییە، بەڵكو ئەوە ڕووندەكاتەوە كە لەماوەی دەیەكانی ڕابردوودا توانەوەی سەهۆڵبەندانەكان خێراتربوون، كاریگەرییەكانیشیان لەسەر هەردوو جەمسەرەكە دەردەكەوێت لەڕێی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاكان و زیادبوونی مەترسی ڕوودانی لافاو لەسەر كۆمەڵگەنشینەكانی نزیك كەناراوەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن