راچڵەكین-
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، قاوە چوكلێتی قەدەغە دەكات كە بانگەشەی ئەوەی بۆ دەكرێت بۆ دابەزاندنی كێش سوودی لێ دەبینرێت.
تەندروستی هەرێم دەڵێت، دوای پشكنینی تاقیگەیی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان "KMCA" دەركەوتووە قاوەی چوكلێتی مادەی كیمیایی (sibutaramine)ـی تێدا زیاد كراوە كە لەلایەن FDA و EMAـیەوە مادەیەكی قەدەغەیە.
هاوكات د. لەشكر حەمید پسپۆڕی خۆراك دەڵێت، مادەی Sibutramine بە نهێنی زیاد بكرێت بۆ قاوە یان هەر خواردنێكی كەمكردنەوەی كێش، مەترسییەكی گەورەی تەندروستی هەیەو كاریگەرییەكانی بریتین لە:
* بەرزبوونەوەی فشاری خوێن
* خێرابوونی لێدانی دڵ
* زیادبوونی مەترسی نەخۆشییەكانی دڵ و خوێن
* سەرئێشە و سەرسوڕان
* نیگەرانی و نەخەوتن
* وشكبوونی دەم
* لە هەندێك كەسدا دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووداوە دڵییە گەورەكان و وەستانی دڵ
لەكۆتاییدا راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی تەندروستی داوا دەكات كە هەموو ئەو پەیج و ئەكاونتانە دابخرێن كە رێكلام بۆ ئەو بەرهەمە دەكەن، فرۆشیارانیش بدرێنە دادگا و چیدیكە ئەو جۆرە قاوەیەش هاوردە نەكرێت.