خوێندن لەهەرێمی كوردستان بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە ڕادەگیرێت؟

کوردستان

52 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 418

راچڵەكین-

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو حاڵەتانەی تووشبوون بەنەخۆشی هەوركردنی پەردەی مێشك تۆمار دەكرێن تاكەحاڵەتن و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوون و پێویست بە دڵەڕاوكێ و هیچ ڕێكارێكی پێشوەختەی ڕاگرتنی هیچ كاروبارێك و پرۆسەی خوێندن ناكات.

ڕۆژی یەكشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2026 وەزارەتی تەندروستی لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە هەوكردنی پەردەی مێشك نەخۆشیەكی گواستراوەیە، بریتیە لە هەوكردنی پەردەكانی مێشك و دڕكەپەتك بە نیشانەكانی گشتی و نیشانەی تایبەت وە بە پشكنینی تایبەت پشت ڕاست دەكرێتەوە و چارەسەریەكان بەردەستن.

تەندروستی هەرێم دەڵێت دۆخەكە لەئێستادا بەتەواوی لەژێر چاودێری و بەدواداچوون دایە، ئەو حالەتانەی لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێن تاكەحاڵەتن و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوون، هاوشێوەی هەموو وڵاتان و پێوەرەكانی پەتازانی یە، هیچ ئاماژەیەكی پەتازانی بۆ تەشەنەسەندن یان زیادبوونی نائاسایی نیە و تیمەكانی تەندروستی بەردەوامن لە چاودێریكردنی قوتابخانە و شوێنە گشتیەكان بۆ جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و دەستنیشانكردن.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەی تەندروستی هەرێمدا هاتووە، لە ئێستادا پێویست بە دڵەڕاوكێ و هیچ ڕێكارێكی پێشوەختەی ڕاگرتنی هیچ كاروبارێك و پرۆسەی خوێندن ناكات لەكاتێكدا وەزارەتی تەندروستی بەردەوامە لە چاودێریكردنی ووردی دۆخەكە هەروەها جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ئامادەكاریەكان بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم نەخۆشیە و ڕێكارەكانی پشكنین و چارەسەركردن و بەدواداچوون ئەنجام دراوە. لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەكی نوێ دا هاوڵاتیان ئاگادار دەكرێنەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن