وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی نامەیەك ئاڕاستەی عەلی زەیدی دەكات

کوردستان

33 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 21

كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی

راچڵەكین -

وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نامەیەكی كراوە بۆ سەرۆكوەزیرانی عیراقی فیدراڵ، داوای لێدەكات فەرمانی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی تووشبوو بە شەكرەی جۆری یەكەم لە هەرێمی كوردستانیش دەربكات.

ئەمڕۆ سێشەممە 24-11-2026، كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، نامەیەكی كراوەی ئاڕاستەی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كردووە  تێیدا هاتووە، بەپێی ئەو بڕیارەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە دەركراوە، كەسانی تووشبوو بە شەكرەی جۆری یەكەم تا تەمەنی ٢٢ ساڵی مافی وەرگرتنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتییان پێدراوە، ئەم هەنگاوە بێگومان بڕیارێكی مرۆیی و گرنگە لە پشتیوانیكردنی ئەو منداڵانە و خانەوادەكانیان، بەڵام جێی نیگەرانیە كە خانەوادەكانی هەرێمی كوردستان كە منداڵەكانیان تووشی ئەم نەخۆشییە بوون لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا بە هەمان شێوە سوودمەند نەبن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە نەخۆشی شەكرەی جۆری یەكەم هیچ سنوورێكی جوگرافی و ئیداری ناناسێت و ئازاری نەخۆشی و پێداویستییەكانی چارەسەركردن بۆ هەموو منداڵێك یەكسانە.

وەزیر كارو ئااژەی بەوەكردووە، ئەو خانەوادانەی لە هەرێمی كوردستان منداڵیان تووشی شەكرەی جۆری یەكەم بووە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی بارگرانییەكی دارایی و ژیانێكی قورس دەبنەوە، ئەم منداڵانە پێویستیان بە چاودێری بەردەوامی پزیشكی و دەرزی و ئامێری پێوانەكردنی ئاستی شەكرە و پێداویستیە پزیشكیەكان و خواردنی تایبەت هەیە. ئەم پێداویستیانەش تەنها بۆ ماوەیەكی كورت نین، بەڵكو بەشێكی هەمیشەیی لە ژیانی ئەم منداڵانەن، زۆرێك لە خانەوادەكان بۆ دابینكردنی ئەم خەرجییانە بارێكی قورس دەخاتە سەر داهاتی مانگانەیان، بە تایبەتی ئەو خێزانانەی داهاتیان سنووردارە و ناتوانن بەردەوام خەرجیەكانی چارەسەر و چاودێری منداڵەكانیان دابین بكەن.

كوێستان محەمەد، لە نامەكەیدا بۆ عەلی زەیدی، دوو داواكاریی خستووەتەڕوو:

١. فەرمانی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی تووشبوو بە شەكرەی جۆری یەكەم لە هەرێمی كوردستانیش دەربكەن.

٢. هاوكاری و هەماهەنگی پێویست لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بكرێت، بۆ ئەوەی ئەم منداڵانە و خانەوادەكانیان لە هەمان ماف و سوودمەندیە كۆمەڵایەتیەكان بەهرەمەند بن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن