راچڵەکین-
ڤایرۆسی هانتا لە خێزانی (Hantaviridae) و ناوكە ترشی RNA هەیە، قەبارەی نزیكە لە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا، ئەم خێزانە نزیكەی ٣٥٠ جۆر ڤایرۆسی تێدایە، ڤایرۆسی هانتا زۆربەی جار لەلایەن خێزانی مشكەكان و پاشەڕۆكانیانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و بەمەترسیەكی گەورە لە سەر ژیانی مرۆڤ دادەنرێت.
ناوی ڤایرۆسەكە بە ناوی ڕووباری هانتاوەیە لە وڵاتی كۆریا، چونكە یەكەم جار لە نزیك ئەو ڕووبارە دەسنیشان كراوە و ناسێنرا.
سەرچاوەی سەرەكی ڤایرۆسی هانتا خێزانی مشكە جۆراو جۆرەكانن، هەر جۆرە مشكێك دەتوانێت ببێتە خانەخوێ بۆ جۆرێكی تایبەتی ڤایرۆسی هانتا.
چۆنیەتی گواستنەوە؛
١- مرۆڤ زۆرجار بە ڕێگای هەناسەدان تووش دەبێت بەتایبەت هەوای پیس بوو بە تۆز و پاشەڕۆی مشكەكان.
٢- بەركەوتن بە پێست و لیك یان تیاخۆری مشكەكان.
٣- خواردنی پیسبوو بە پاشەڕۆی ئەو گیانەوەرانە.
٤- گەستنی مشك (كەمتر ڕوودەدات).
٥- لە هەندێك حاڵەتدا یان بەهۆی گۆڕانی جینی ڤایرۆسەكە دەتوانێت لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە!
ئەم ڤایرۆسە دەبێتە ھۆی ناتەواوی و نەخۆشی لە كۆئەندامی هەناسە و پاشان ئەندامەكانی تری جەستە و پەكخستن و لەكاركەوتنی گورچیلەكان.
نیشانە سەرەتاییەكان:
* تا و لەرز و بێ هێزی دابەزینی پەستانی خوێن.
* زیادبوونی ئازاری ماسوولكە و ماندوو بوون.
* لەڕۆژی چوارەمی توشبوون بە ڤایرۆسەكە لەوانەیە ڕشانەوە دەست پێ بكات.
نیشانە توندەكان:
* هەناسە توندی بەهێز.
* كۆبوونەوەی ئاو لە ناو سییەكان.
* خوێن بەربوون و لەكاركەوتنی گورچیلەكان.
مەترسی:
ڕێژەی مردن نزیكەی 30–40% دەبێت بەهۆی هەناسە توندی و خوێن بەربوون و لەكار كەوتنی گورچیلەكان.
میكانیزمی نەخۆشی (Pathogenesis)
كاتێك ڤایرۆسەكە دەچێتە جەستەوە سەرەتا دەچێتە ناو ناو پۆشی خانەكان، پاشان بەهۆی كاریگەری بەرگری لەشی مرۆڤەوە cytokine storm ڕوودەدات دواتر لێچون و خوێنبەربوون زیاد دەبێت و دەبێتە هۆی لەدەستدانی شلەمەنیەكانی لەش و كۆبوونەوەی ئاو لە سیەكان و شۆك بوون و پاشان لەكاركەوتنی گورچیلەكان.
دەستنیشان كردن و دۆزینەوەی ڤایرۆسەكە:
١- دەستنیشان كردنی ناوكە ترشی(RNA) ڤایرۆسەكە بە بەكارهێنانی RT- PCR.
٢- دۆزینەوەی ڤایرۆسەكە لە ڕێگای بەرگریی لەشی مرۆڤی تووش بوو بە بەكارهێنانی ئامێری ئیلایزا بۆ دیاریكردنی ڕێژەی( IgM,IgG).
٣- بەكارهێنانی شیكاری (CBC) بۆ زانینی
* thrombocytopenia
* hemoconcentration
چارەسەر:
تا ئێستا دەرمانی تایبەتی نییە.
چارەسەر؛
- چاودێری چڕ.
- بەكارهێنانی ئۆكسجین و هەناسەی دەستكرد.
ـ پێدانی شلەمەنی و ئیلیكترۆلایتەكان.
- هەندێك جار Ribavirin دەدرێت بە نەخۆش.
ڕێگاكانی خۆ پاراستن:
١- بەكارهێنانی قڕكەری مشكەكان
٢-دووركەوتنەوە لە شوێن و مۆڵگەی مشكەكان.
٣- پێویستە كرێكاری ناو كانەكان و پاككەرەوەكان ڕێ وشوێنی خۆپاراستن بگرنەبەر و ماسك و دەسكێش بەكاربێنن.
٤- پێویستە كەسی نەخۆش یان گومانلێكراو كەرەنتینە بكرێت.
٥- دووركەوتنەوە لە كەسانی تووشبوو ،چونكە لە هەفتەی یەكەمی تووشبوون دا ڕێژەی ڤایرۆسەكە نزیكەی ١٠٠-١٠٠٠ جار زیاترە لە ناوچەی سورێنچك و ناو میزی تووشبووەكە دا بەراورد بە كاتەكانی تر.
گرنگترین خاڵە زانستییەكان
* ڤایرۆسی هانتا زۆرجار لە مشكەوە دەگوازرێتەوە.
* ڕێژەی مردن بەرزە.
* خاوێنی و كۆنترۆڵكردن و قڕكردنی مشكەكان گرنگترین ڕێگاكانی خۆ پاراستنە.
* تا ئێستا ڤاكسینی تایبەت بۆ ڤایرۆسەكە نییە.
ئا/ د.بەختیار عەبدوڵڵا
پسپۆڕی كلینیكاڵ مایكرۆبایۆلۆجی