راچڵەكین-
خاوەنی نووسینگەیەكی خانووبەرە لە لۆس ئەنجلۆسی ئەمریكا كە موڵكێكی بۆ خوشەكەزاكەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی كڕیوە دەڵێت، گریمانەكان بەو جۆرەن كەپێش دەستگیركردنی ( نزیكەكانی سولەیمانی) لەژێر چاودێری دەسەڵاتی كۆچ و گومرگی ئەمریكادا بووبن.
شەوی ڕابردوو ، حەمیدە سولەیمانی ئەفشار- خوشكەزای سولەیمانی (47 ساڵ) و كچەكەیان (25 ساڵ) دەستگیركرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، بەبڕیاری ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مافی مانەوەی یاسایی هەمیشەیی (Green Card) لێ سەندرایەوە بەهۆی پەیوەندیان بەرژێمی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرای كردووە، حەمیدە سولەیمانی ئەفشار، لەكاتێكدا ژیانێكی شاهانەی هەبووە لە لۆس ئەنجلس، بەڵام لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بانگەشەی بۆ رژێمی ئێران كردووە:"ئاهەنگی بۆ هێرشكردنە سەر سەرباز و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گێڕاوەو ستایشی رێبەری نوێی ئێرانی كردووە، هاوكات ئەمریكای وەك "شەیتانی گەورە" وەسف كردووە و پشتیوانی لە سوپای پاسداران كردووە كە وەك رێ:خراوێكی تیرۆرستی ناسێنراوە."
جگە لە حەمیدە سولەیمانی، هاوكات بڕیاردراوە چیتر هاوسەرەكەی نەتوانێت بچێتەوە خاكی ئەمریكاو گەڕانەوەی لێ قەدەغە كراوە.
هالاسیۆس براد فۆرد ( تەمەن 50 ساڵ) كە مامۆستای پیانۆیەو لەهەمان كاتدا ئیشی نووسینگەی خانوو زەوی دەكات لە لۆس ئەنجلۆس، دیمەنی دەستگیركردنی ( حەمیدە سولەیمانی و كچەكەی) بە دراماتیكی وەسفدەكات و دەڵێت، ڕووداوەكە نزیك كاتژمێر 5:00ی بەرەبەیانی( بەكاتی ئەمریكا) شەوی هەیینی بووە، پێش دەستگیركردنی ئەو نزیكانەی سولەیمانی، شەقامەكانی دەوروبەری خانووەكەیان بە كارمەندانی ICE پۆلیسی كۆچ و گومرگی ئەمریكا تەنرابوون.
" كاتێك گەڕامەوە ماڵەوە، شەقامەكە بە ئۆتۆمبێلی ICE و سێ ئۆتۆمبێلی پۆلیس داخرابوو." براد فۆرد وادەڵێت.
بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەكان دەریانخستووە، ئەو موڵكەی حەمیدە سولەیمانی كە ئێستا بەكرێدراوە ساڵی 2021 بەبڕی 500 هەزار دۆلار ( نیو ملیۆن دۆلار) كڕیوییەتی.
ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەش كە دوای دەستگیركردنی حەمیدەو كچەكەی بڵاوكراونەتەوە، دەریدەخەن كە لە چ ژیانێكی شاهانەدا ژیاون و خاوەنی چەندین جۆر ئۆتۆمبێلی گرانبەهاو خشڵ و زێڕ بوون كە بەسەدان ملیۆن دۆلار مەزندە دەكرێن.
براد فۆرد دەڵێت، ڕەفتارەكانی حەمیدە جۆرێك لەنامۆییان پێوەدیاربووە، جگە لەوە پێشتر بە فۆردی راگەیاندووە كە چارەسەری كیمیایی وەردەگرێت، بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە، حەمیدە سولەیمانی ئەفشار ساڵی 2015 بە ڤیزای گەشتیاری چووەتە ئەمریكا، ساڵی 2019 مافی پەینابەری پێدراوەو ساڵی 2021 مافی مانەوەی هەمیشەیی وەرگرتووە.