راچڵەكین-
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە هەموو نووسینگە، كۆمپانیاكانی گەشتیاری و فڕۆكەوانی و هەر پلاتفۆرمێك كرد كە ریكلامی ڤیزای شنگنی بەریتانیا، ئەمریكا، كەنەدا و وڵاتانی دیكە دەكەن، بەپەلە ریكلامەكانیان بسڕنەوە و چیتر ئەو بانگەشانە نەكەن.
ڕۆژی سێشەممە هێمن میرانی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردەوە، ماوەیەكە بەشێك لە كۆمپانیا و نووسینگەكانی گەشتیاری ریكلامی بێ بنەما بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگن و بەریتانیا دەكەن، ئەم كۆمپانیایانە پارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان وەردەگرن و بەهۆیەوە زیانی دارایی بە بەشێكیان گەیشتووە، بۆیە داوای راگرتنی ئەو جۆرە رێكلامانەیان لێدەكەین چونكە پێچەوانەی ئەوە رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەبنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونیكردووەتەوە، ئەم بانگەشانە بوونەتە مایەی نیگەرانیی ئۆفیس و كونسوڵخانەكانی وڵاتانی دۆست لە هەرێمی كوردستان، وەرگرتنی ڤیزا رێكاری یاسایی و كارگێڕیی تایبەتی خۆی هەیە و تەنانەت كونسوڵخانەكانیش هیچ گرەنتییەك بۆ وەرگرتنی ڤیزا بە كەس نادەن. بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەم تەنیا بە رێگەی سیستمی فەرمیی ئۆنلاینی ڤیزای وڵاتان كار بكەن و دۆكیۆمێنتی پێویست پێشكەش بكەن.