راچڵەكین -
وەزیری نوێی بەرگریی عیراق لەیەكەم بڕیاریدا لەدوای وەرگرتنی پۆستەكەی، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو سزایانەی كە پێشتر بەسەر ئەفسەر و كارمەندانی هێزە چەكدارەكان و فەرمانبەرانی مەدەنیی وەزارەتەكە سەپێندراوە.
بەگوێرەی فەرمانێكی نایف شممەری، وەزیری بەرگریی عیراق كە ئەمڕۆ شەممە 17-10-2026 دەرچووە، تێیدا هاتووە، بەبۆنەی دەستبەكاربوونمان لە پۆستی وەزیری بەرگریی و لەڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ بەرزكردنەوەی ورەی كارمەندانی هێزە چەكدارەكان، هەروەها وەك پێزانینێك بۆ هەوڵ و قوربانیدانیان لە بەجێگەیاندنی ئەركە نیشتمانییەكانیان، بڕیارماندا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو سزا دیسپلینیانەی كە بەسەر ئەفسەر و پلەدار و سەربازانی سوپا و فەرمانبەرانی مەدەنیی وەزارەتی بەرگرییدا سەپێندراون.
وەزیری بەرگریی عیراق لە فەرمانكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەرچوواندنی ئەم فەرمانە، بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێیە لەسەر بنەمای پابەندبوون و دیسپلین و راپەڕاندنی كاروبارەكانە بەشێوەیەكی خۆنەویستانە.