راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی ژن و پیاوێكی راگەیاند كە ئازاری جەستەیی دوو منداڵی خۆیان دابوو.
پۆلیسی سلێمانی رۆژی سێشەممە 5ی ئایار لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیس ئاگاداركرانەوە لەئازاردانی دوو منداڵی تەمەن هەشت و چوار ساڵ لەلایەن ژن و پیاوێك، دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچون، دەستبەجێ بڕیاری دادوەر وەرگیراو پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە ڕێكخراو بەسەرپەرشتی خودی ئەفسەری بنكە مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیوان چونە شوێنی ڕووداوەكەو باوكی منداڵەكان و ژنەكەیان دەستگیركرد.
باوكەكە ناوی ( ع، م، م) لەدایك بووی (1992) ە، ژنەكە ناوی (س،س،ع)لەدایك بووی (2001)و باوەژنی منداڵەكانەو بەرەگەز عەرەبن، هەردووكیان كەتۆمەتبارن بەلێدان و ئازارگەیاندن بەمنداڵەكان.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەكاتی ئێستادا باوكی منداڵەكان بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی (29) لەیاسای چاودێری نەوجەوانان ڕاگیراوەو وەژنەكە بەدەستەبەری دارایی ئازادكراوەو لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە بەردەوامە.
دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست لەنەخۆشخانە،، لەئێستادا منداڵەكان بەبریاری دادوەری لێكۆڵینەوە سپێردراون بەخانەی بێ سەرپەرشتان.