ئەو خانمە كوردەی بووە وەزیری بەرگری هۆڵەندا كێیە؟

هەمەڕەنگ

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 623

راچڵەكین-

خانمە سیاسەتمەدارێكی كورد وەك جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگری هۆڵەندا دەستنیشانكرا، ئەوەش بەهەنگاوێكی مێژوویی بۆ كورد ئەژمار دەكرێـت.

هەرسێ پارتی (D66)، (CDA) و (VVD) گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هۆڵەندا، لەو سەروبەندەدا، دیلان یەشیلگۆز سەرۆكی پارتی (VVD) كە خانمێكی كوردی خەڵكی باكوری كوردستانە، پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەی پێ سپێردرا، هاوكات پارتەكەشی شەش وەزارەتی لەكابینەی نوێی حكومەتدا بەركەوت.

دیلان یەشیلگۆز، پاش دەستنیشانكردنی بۆ هەردوو پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگری هۆڵەندا رایگەیاند:"جێی شانازییەكی گەورەیە وەك وەزیری بەرگری دەستبەكار دەبم بۆ پاراستنی ئازادی و ئاسایشی وڵاتەكەمان؛ لەم قۆناغەدا كە دەبینین ئاسایش و ئازادی بەدەستنەهاتوون، كار بۆ بونیادنانی هۆڵەندایەكی بەهێز دەكەین كە بتوانێت ڕووبەڕووی هەڕەشەكانی ئێستا و داهاتوو ببێتەوە و پشت بە تواناكانی خۆی ببەستێت، هاوكات بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە كار دەكەین بۆ پشتگیریكردنی ئەو ژن و پیاوانەی ڕۆژانە لە ناو هێزە چەكدارەكاندا بەرگری لە خاكی هۆڵەندا و ئازادیی ئێمە دەكەن."

دیلان یەشیلگۆز، ساڵی 1977 لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا لە خێزانێكی كورد لەدایكبوو، لە تەمەنی منداڵیدا وەك پەنابەر ڕوویان لە هۆڵەندا كردووە. دوای تەواوكردنی خوێندنی باڵا لە زانكۆی ئەمستەردام.

لەكایەی سیاسیدا دیلان سەرەتا بووە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی، پاشان پەرلەمانتار، و دواتر وەك وەزیری وزە و وەزیری داد، تا دواجار بووە یەكەم ژن كە سەرۆكایەتی پارتی (VVD) بكات، ئێستاش وەك جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگری هۆڵەندا لەكاروانی سیاسی خۆی بەردەوامە.

بڕیارە 23ی شوباتی 2026 حكومەتی نوێی هۆڵەندا بەسەرۆكایەتی (رۆب جێتین) لە پارتی D66  بە فەرمی سوێندی یاسایی بخوات. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن