راچڵەكین -
هاتووچۆی هەرێم روونكردنەوە لەبارەی دەنگۆی پێدانی كۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و تۆمارنەكراو دەدات و رایدەگەیەنێت: بەدەر لە ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێكارەكان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ، ئەركی هیچ دامەزراوەیەكی دیكە نییە رێكار بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دابنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان، لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، لە هەندێ كەناڵی میدیایی باس لە پێدانی كۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و تۆمار نەكراو دەكرێت، ئەم دەنگۆیانە هیچ پەیوەندییەكی بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆوە نییە، كە تاكە لایەنی فەرمی تۆماركردن و پێدانی تابلۆن بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییەكانی بواری هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان.
هاتووچۆی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە كە بەدەر لە ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێكارەكان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ، ئەركی هیچ دامەزراوەیەكی دیكە نییە رێكار بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دابنێت بە هیچ ناوێك و لەبەر هیچ هۆكارێك، هەر ئۆتۆمبێلێك بە فەرمی لە یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ تابلۆی یەكێك لە چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانی پێ نەدرابێت یان هەڵگری تابلۆی پارێزگاكانی عیراق یان تابلۆی بیانی فەرمی نەبێت، بە بێ تابلۆ هەژمار دەكرێت.
هۆشداریی ئەوەشدراوە كە ئەو ئۆتۆمبێلە بكەوێتە بەرچاوی تیمەكانی پۆلیسی هاتوچۆ، رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەبێتەوە.