واژۆی دۆناڵد ترەمپ دەخرێتە سەر دۆلاری ئەمریكی

هەمەڕەنگ

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 8

راچڵەكین -

ئیدارەی ئەمریكا بڕیاریداوە بەبۆنەی تێپەڕبوونی 250 ساڵ بەسەر سەربەخۆیی ئەو وڵاتە، واژۆی دۆناڵد ترەمپ بخاتە سەر دۆلار، بۆیەكەم جاریش لەماوەی 165 ساڵی رابردوودا، واژۆی ئەمینداری گەنجینەی ئەمریكا لەسەر دراوە كاغەزییەكان لادەبرێت.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، لە هەنگاوێكی دەگمەندا بڕیاردراوە بەبۆنەی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریكا، لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا دراوی نوێی 100 دۆلاری چاپ بكرێت كە واژۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە و سكۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی لەسەر دەبێت.

بڕیارەكە لەكاتێكدایە تائێستاش نوسینگەی چاپی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، دراوی كاغەزیی دۆلار بەرهەمدەهێنێت كە واژۆی هەریەك لە وەزیری پێشووی گەنجینە و ئەمینداری ئێستای گەنجینەی ئەمریكای لەسەرە.

لابردنی واژۆی ئەمینداری گەنجینەی ئەمریكا لەسەر دراوی دۆلار، دەبێتە یەكەمین رووداو لەوەتەی ساڵی 1861، كە لەو ساڵەوە تائێستا هەموو جۆرە دراوێكی كاغەزیی دۆلاری ئەمریكی، بە واژۆی ئەمینداری گەنجینە چاپدەكرێت. 

سكۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، لەبارەی برشیارە نوێیەكەی وەزارەتەكەی، رایگەیاند: دانانی واژۆی سەرۆك ترەمپ لەسەر دراوی 100 دۆلاری، هێمایەكە بۆ ئەو سەقامگیری و بەهێزییەی ئابووری و دارایی ئەمریكا، كە لەسەردەمی ویلایەتی دووەمی سەرۆك ترەمپەوە بەخۆیەوە بینیوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن