راچڵەكین-
توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای كردووە، نەخۆشی شەكرە كەمتر لە نێو ئەو كەسانەدا هەیە كە لەو ناوچە بەرزییانە دەژین كە ئاستی ئۆكسجینیان كەمە، بەراورد بەو كەسانەی لە ئاستی دەریادا دەژین. پێشبینیشیان كردووە ئەم دۆزینەوە نوێیە ببێتە هۆی دەستخستنی چارەسەرێ:ی نوێ بۆ تووشبووانی شەكرە.
توێژەران لە ڕاپۆرتێكدا كە لە گۆڤاری Cell Metabolism بڵاویانكردووەتەوە، نوسیوویانە، لەو بارودۆخانەدا كە ئاستی ئۆكسجین كەمە، وەك ئەوانەی لە ناوچە بەرزەكان دەژین، خڕۆكە سوورەكان دەتوانن پێكهاتەی كیمیایی خۆیان بگۆڕن (گۆڕینی خۆراك بۆ ووزە) بۆ ئەوەی شەكر لە خوێنەوە هەڵبمژن و بیگۆڕن بۆ "ئیسفەنجی گلوكۆز".
لە ناوچە بەرزەكاندا توانای هەڵگرتنی گلوكۆزی زیاتر، وزەی زیادە بە خڕۆكە سوورەكانی خوێن دەبەخشێت بۆ ئەوەی ئۆكسجین بە شێوەیەكی كاراتر بگەیەنێتە لەش. وەك لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە ئەمە كاریگەری لاوەكی سودبەخشی هەیە كە ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێنێت.
لەچەند تاقیكردنەوەیەكی پێشووتردا، توێژەران تێبینی ئەوەیان كردووە، ئەو مشكانەی هەناسەی هەوای كەم ئۆكسجین دەدەن، ئاستی گلوكۆزی خوێنیان زۆر كەمترە لە ئاستی سروشتی، ئەوەش بەو واتایە دێت كە ئاژەڵەكان، راستەوخۆ دوای خواردن، گلوكۆزیان سووتاندووە، ئەوەش مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی شەكرە كەمدەكاتەوە.
یۆلاندا مارتی ماتیۆس، نووسەری توێژینەوەكە لە پەیمانگای گلادستۆن لە سانفرانسیسكۆ لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: "كاتێك شەكرمان (بەم مشكانە) دا، زۆربەخێرایی لە سووڕی خوێنیاندا نەما".
ئاماژەی بەوەشكردووە، پشكنینی ماسولكەكان و مێشك و جگەرمان كردووە، بەڵام هیچمان لەم ئەندامانەدا نەدۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كە چی ڕوودەدات.
لە كۆتاییدا تیمەكەی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن "نقومكەری گلوكۆز"ن، ئەوەش زاراوەیەكە بەكاردێت بۆ وەسفكردنی هەر شتێك كە گلوكۆزێكی زۆر لە خوێندا هەڵدەمژێت و بەكاریدەهێنێت.
لە بارودۆخی كەمی ئۆكسجین، مشكەكان نەك هەر بە شێوەیەكی بەرچاو خڕۆكە سوورەكانی خوێنیان بەرهەم هێناوە، بەڵكو هەر خانەیەك بڕێكی زیاتر لە گلوكۆزی بەكارهێناوە لەوەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن لە ئاستی ئاسایی ئۆكسجین بەرهەمی دەهێنن.
دوای ئەو توێژینەوەیەش، توێژەران دەرمانێكی پەرەپێدراویان تاقیكردەوە بە ناوی هایپۆكسیسیستات، كە كاریگەرییەكانی هەوای كەم ئۆكسجین وەردەگرێت و ئاماژەیان بەوەكردووە، دەرمانەكە ئاستی بەرزی شەكری خوێنی لە مشكی تووشبوو بە شەكرەدا بە تەواوی پێچەوانە كردووەتەوە و لە دەرمانەكانی ئێستا كاریگەرتر بووە.