راچڵەكین-
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماری تووشبووانی بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونی لەپارێزگاكان بڵاوكردەوە.
ئەمرۆ دووشەممە 21ی نیسانی 2025 مەهدی حەسناوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، تائێستا 19 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون تۆماركراون بەجۆرێك پارێزگای ( زیقار 7 تووشبوو- كەركوك 4 حاڵەت - موسەننا 3 حاڵەت) ژمارەیەك پارێزگای تریش تووشبوویان تێدا تۆماركراوە.
وتیشی، لەسەرجەمی ئەو تووشبووانە دوو كەسیان لەكەركوك گیانیان لەدەستداوە كە یەكێكیان كارمەندی تەندروستی بووە.
تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؛ بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی 40% ئەو كەسانەی توشی دەبن، گیانلەدەستدەدەن.
ئەو نیشانانەی كە رەنگە ببنە مەترسی لەسەر ژیان بریتین لە (خوێنبەربوون لە ژێر پێست، لە ئەندامەكانی ناوەوەی لەش، یان لە دەم، چاو و گوێ، هەروەها تێكچوونی كاركردنی كۆئەندامی دەمار، كۆما، هێڵنج، لەكاركەوتنی گورچیلە یان جگەر، كێشەی هەناسەدان).