ڕاچڵەکین سپۆرت -
ڤینیسیۆس جونیۆری بەڕازیلی و ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی ڕووبەڕووی سزای دوو ساڵ لە یاری تۆپی پێ دەبێتەوە.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ، شارەزای گواستنەوەی یاریزانان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس نووسیویەتی: ڤینیسیۆس جونیۆر مەترسی ئەوەی لەسەرە بۆ ماوەی دوو ساڵ یاری تۆپی پێی لێ قەدەغە بکرێت بەهۆی خاوەندارێتی چەندین یانەوە.
ڕۆمانۆ ئاماژەی بەوەشکرد، فیفا لێکۆڵینەوە لە ڤینیسیۆس دەکات بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێساکانی سەبارەت بە ململانێی بەرژەوەندییەکان.
ڤینیسیۆس جونیۆر تا هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید هەیە، ئەمڕۆش چەند ڕاپۆرتێک ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەگەڵ لۆس بلانکۆس گەیشتووەتە ڕێککەوتنێکی نوێ و تا ساڵی 2030 لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەمێنێتەوە.
ماوەیەکی زۆرە هەواڵەکان باس لەوەدەکەن کە یانە سعودییەکان ئۆفەرێکی سەرسوهێنەر و بەبڕی یەک ملیار یۆرۆیان پێشکەش بە ڤینی کردووە بەڵام ئەو ئەستێرەیە بۆ مانەوە لە ڕیال مەدرید رەتیکردووەتەوە.