ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی بەرشەلۆنە داهاتووی هانسی فلیکی ڕاهێنەری ئەڵمانی یەکلایی دەکاتەوە، کە گرێبەستەکەی لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، بەرشەلۆنە لەگەڵ فلیک گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تا هاوینی 2027، ئەوەش دوای ئەو گفتوگۆیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامدراون.
مارکا ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای کۆتایی هاتنی وەرزی ئێستا ڕێککەوتنە نوێیەکە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.
مارکا ڕوونیشیکردەوە کە بارسێلۆنا ئێستا نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی فلیک ڕاناگەیەنێت، بۆ ئەوەی لە ئێستادا تیپەکە سەرقاڵ نەکات، بەتایبەتی کە کێبڕکێی بەدەستهێنانی سێ نازناو (خول و جام و چامپیۆنزلیگ) دەکات.
بەپێی مارکا بێت، ڕاگەیاندنی نوێکردنەوەکەش دوادەخرێت بەهۆی نەبوونی کەمی دارایی ئێستای بەرشەلۆنە بەپێی ڕێساکانی فاینانشیاڵ فایر پلەی، جا چ بۆ تۆمارکردنی یاریزانی نوێ یان نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی ئێستا.
لالیگا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بەرشەلۆنەی لەم بابەتە ئاگادار کردبووەوە، دوای ئەوەی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی سندوقی ڤی ئای پی لە یاریگای نوێی کامپ نو.