ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی ڕیال مەدرید بڕیاریدا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا ڕکابەری یانەی چێڵسی بۆ گواستنەوەی بەرگریکاری دیار نەکات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئاس"ی ئیسپانی، دین هویسن بەرگریکاری یانەی بۆرنمۆس لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا سەرنجێکی بەهێزی یانەی ڕیاڵ مەدرید و چێڵسی بۆ خۆی ڕادەکێشێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یانەی چێڵسی ئامادەیە 60 ملیۆن یۆرۆی بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە بۆرنمۆس بدات بۆ ئەوەی هۆیسن بباتە ڕیزەکانییەوە.
یانەی چێڵسی دەیەوێت هویسن بۆ جامی جیهانی یانەکان ئامادە بکات، کە پێش دەستپێکردنی جامەکە دەرگایەکی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان دەکرێتەوە.
ڕۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای گرنگیدانی یانەی ڕیال مەدرید بۆ گرێبەستەکە، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە وەبەرهێنانێکی دارایی بەرچاو بکات بۆ گواستنەوەی بەرگریکارێک کە تەمەنی تەنها 20 ساڵە.
هەروەها یانەی ڕیال مەدرید دوای درەوشاوەیی ڕائول ئەسینسیۆی لاو بە درێسی مێرێنگێ هەنگاوێک پاشەکشەی کرد.
ڕوونیشیکردەوە، هویسنیش بەهەمان شێوە زۆر بە پەرۆشە بۆ مانەوەی لە خولی نایابی ئینگلیزی، بەتایبەتی کە بە تەواوی خۆی لەگەڵ خولی نایابی ئینگلیزیدا گونجاندووە.