دەسەڵاتی نوێی سوریا هۆشداری دەدات بە رۆژئاوای كوردستان

کوردستان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 244


راچڵەكین-

دەسەڵاتی نوێی سوریا بەسەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع هۆشداری دەدات بە رۆژئاوای كوردستان لەبارەی هەر هەوڵێك بۆ " سەپاندنی دیفاكتۆی دابەشكاری یان دامەزراندنی كیانی جوداخوازی لەژێر ناوی فیدراڵی یاخود خۆبەڕێوەبەری بەبێ هەبوونی سازانێكی نیشتمانی گشتگیر."

ئەمڕۆ یەكشەممە 27ی نیسانی 2025 سەرۆكایەتی كۆماری سوریا لەراگەیەندراوێكدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی كۆنفرانسی یەكڕیزی كورد لەرۆژئاوای كوردستان كە رۆژی 26ی ئەم مانگە دەستی بەكارەكانی كرد، رایگەیاند.

لەبەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" بەهەموو  شێوەیەك هەر هەوڵێك رەتدەكەینەوە بۆ سەپاندنی سەپاندنی دیفاكتۆی دابەشكاری یان دامەزراندنی كیانی جوداخوازی لەژێر ناوی فیدراڵی یاخود خۆبەڕێوەبەری بەبێ هەبوونی سازانێكی نیشتمانی گشتگیر."

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" یەكێتی خاك و گەلی سوریا هێڵی سوورن، هەر بەزاندنێكی ئەو هێڵە وەك دەرچوون لە ریزی نیشتمانی و زیانگەیاندن بە ناسنامەی سوریا لێی دەڕوانرێت."

سەركایەتی كۆماری سوریا دەڵێت:" نیگەرانین لەگرتنەبەری چەند رێوشوێنێك بەئامانجی گۆڕانكاری دیمۆگرافی لەهەندێك ناوچە، كە دەبێتە هەڕەشە لەسەر پێكهاتەی كۆمەڵایەتی سوریاو، هەلی گەیشتن بەچارەسەرێكی گشتی نیشتمانی لاواز دەكات."

" هۆشداری دەدەین بەهەوڵی لەكارخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەو، ئاستەنگ دروستكردن بۆ هاوڵاتیان بەگەیشتن بەخزمەتگوزاریە پێویستەكان و، قۆرخكردنی سامانە نیشتمانییەكان و بەكارهێنانی لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت."

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماری سوریادا هاتووە:" داوا لەهەسەدە دەكەین پابەندی ئەو رێكەوتنە بێت كەلەگەڵ دەسەڵاتی سوریادا واژۆكراوەو، بەرژەوەندی باڵای نیشتمان لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكی تر سەیر بكەن."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن