راچڵەكین-
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی زیاد جەبار پێكدەهێنێت بۆ رێكخستنەوەو چاكسازی لە كاروباری هێزە ئەمنییەكانی تایبەت بە دەزگا حیزبی و مەدەنییەكان.
ئەمڕۆ یەكشەممە 27ی نیسانی 2025 ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەشاری سلێمانی كۆبوەوە.
ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی وێڕای دەربڕینی پشتیوانیان بۆ زیاد جەبار، ئەندامی سەركردایەتی ، ستایشی ئارامی و دان بەخۆدا گرتنیان كرد. هەروەها جەختكرایەوە كە دڵنیان دامودەزگا ئەمنییەكان رێكاری یاسایی و ئینزباتی پێویستیان گرتووەتە بەر بەرامبەر بەوانەی لە رووداوی دوێنێدا پەلاماری پاسەوانەكانی زیاد جەبار-یاندا.
وەك لەراگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە:" ئەنجومەنی سەركردایەتی هەروەها دەستخۆشی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی كرد سەبارەت بە بڕیاری دروستكردنی لیژنەیەك بۆ رێكخستنەوەو چاكسازی لە كاروباری هێزە ئەمنییەكانی تایبەت بە دەزگا حیزبی و مەدەنییەكان كە بڕیار وایە خودی زیاد جەبار سەرپەرشتی لیژنەی ناوبراو بكات."
كۆبوونەوەی سەركردایەتی هەروەها دەربارەی گۆڕانكارییەكانی ناوخۆیی بڕیاری پێویستی دا.