ئەڵمانیا بەشێك لە پەنابەرانی سووریا دیپۆرت دەكاتەوە

جیهان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 190

راچڵەكین -

حكومەتی ئەڵمانیا بەنیازە بەشێك لە پەنابەرانی سووریا رەوانەی وڵاتەكەیان بكاتەوە، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دیمەشق دەكات و رایدەگەیەنێت: بەزووترین كات ئەو پەنابەرانەی سووریا دیپۆرتدەكەینەوە كە هەڵگری بیروڕای توندڕەوی ئیسلامین یاخود تاوانیان ئەنجامداوە.

نانسی فیزر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، بەیاوەری گێرهارد كارنەر، وەزیری ناوخۆی نەمسا، بە سەردانێك گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئامانجی سەردانەكەی بۆ دیمەشق ئاشكراكرد و رایگەیاند: هاتووم تا میكانیزمێك بدۆزینەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی سووریا، بەتایبەتی دوای لەناوچوونی رژێمی بەشار ئەسەد، كە زۆرێك لەو ئاوارانە بەهۆی ئەو رژێمەوە وڵاتەكەیان جێهێشتووە.

وتیشی:" لەناوچوونی رژێمی بەشار ئەسەد، دەرفەتێكی گونجاوە بۆ دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراسی لە سووریا".

لەبارەی پلانەكانی ئەڵمانیا سەبارەت بە ئاوارەكانی سووریا، نانسی فیزر رایگەیاند: زۆرێك لە ئاوارەكانی ئەو وڵاتە كە نیشتەجێی ئەڵمانیان، فێری زمانی ئەڵمانی بوون و ژیانێكی نوێیان بۆخۆیان دروستكردووە، ئەوان دەتوانن لە وڵاتەكەمان بمێننەوەو ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێبكەن، بەڵام ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە، یاخود هەڵگری بیری توندەڕەوی ئیسلامین، پێویستە بەزووترین كات لە ئەڵمانیا دەربكرێن و دیپۆرتی وڵاتەكەیان بكرێنەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن