راچڵەكین -
لە ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان، هێرشكرایە سەر گروپێكی چەكداری لایەنگری توركیا و ژمارەیەك كوژراو و برینداریان لێكەوتەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لە ناوچەیەكی نزیك شاری عەفرین، گروپێكی چەكداری نەناسراو هێرشیانكردە سەر بارەگایەكی سوپای سووریای ئازاد، كە گروپێكی چەكداری لایەنگری توركیان و لەئەنجامی شەڕو پێكدادانێكی كورتخایەن، دوو چەكداری سوپای سووریای ئازاد كوژران و چوار چەكداری دیكەشیان بریندار بوون.
تائێستا ناسنامەی چەكدارە هێرشبەرەكان ئاشكرا نەكراوە، كە دوای ئەنجامدانی هێرشەكەیان، ناوچەكەیان جێهێشتووەو چوونەتە شوێنێكی نادیار.
لەماوەكانی رابردوودا چەندین هێرشی لەو شێوەیە كراوەتە سەر گروپە چەكدارەكانی لایەنگری توركیا، كە لەساڵی 2018ەوە بەهاوكاریی سوپای توركیا دەستیان بەسەر شاری عەفرین و ناوچەكانی دەوروبەریدا گرتووە، لەئەنجامی ئەو هێرشانەشدا دەیان چەكداری ئەو گروپانە كوژراون.