هێرشێكی ئاسمانیی ئەمریكا بۆسەر یەمەن دەیان كوژراوی لێدەكەوێتەوە

جیهان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 140

راچڵەكین -

میدیاكانی ناوخۆی یەمەن بڵاویانكردەوە، لەئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیی ئەمریكا بۆسەر كەمپێكی پەنابەرانی ئەفریقا لە باكووری رۆژئاوای نزیكەی 70 كەس گیانیان لەدەستدا و دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای ئەمریكا بە مووشەك پارێزگای سەعدەی لە باكووری رۆژئاوای یەمەن بۆردومانكردو بەهۆیەوە كەمپێكی پەنابەران كە ژمارەیەكی زۆر پەنابەری وڵاتانی ئەفریقای تێدا نیشتەجێیە، خاپوور كرا.

بەپێی ئەو ئامارانەی كە میدیاكانی ناوخۆی یەمەن بڵاویانكردووەتەوە، لەئەنجامی هێرشە مووشەكییەكەدا، 68 كەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە 50 كەسیش بریندار بوون، كە سەرجەمیان كۆچبەری وڵاتانی ئەفریقان.

لەدوای هێرشەكە، تیمەكانی بەرگریی شارستانیی یەمەن گەیشتنە شوێنی رووداوەو سەرقاڵی رزگاركردنی ئەو كەسانەن كە كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە بەئامانجگیراوەكە.

لەدوای هێرشەكە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سنتكۆم) بڵاویكردەوە، لەناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ تائێستا، 800 هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر ناوچە جیاجیاكانی یەمەن و لە پرۆسە سەربازییەكانیشیان بەردەوام دەبن بەئامانجی لەناوبردنی توانا سەربازییەكانی حوسییەكان.

لەئەنجامی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر یەمەن، سەدان كەس كوژراون و بریندار بوون، بەهێزترین هێرشی ئەمریكاش بۆسەر ئەو وڵاتە رۆژی 18ی ئەم مانگە بوو كە بەندەری نەوتی راسس عیسا لە كەنار دەریای سوور بۆردومانكرا و بەهۆیەوە زیاتر لە 250 كەس كوژران و بریندار بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن