هۆكاری تەقینەوەكەی بەندەر عەباس ئاشكرا دەكرێت

جیهان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 275

راچڵەكین-

ئەندامێكی پەرلەمانی ئێران، هۆكاری پشت تەقینەوە بەهێزەكەی بەندەری (شەهید رەجایی) لەشاری بەندەر عەباس ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ دووشەممە 28ی نیسانی 2025 سەید مورتەزا مەحمودی، ئەندامی ئەو شاندەی پەرلەمانی ئێران كە بۆ لێكۆڵینەوە لەتەقینەوەكەی بەندەری (شەهید رەجایی) لەشاری بەندەر عەباس، چووەتە بەندەرەكە، بە ئاماژەدان بەوەی كەمتەرخەمی لە ڕووداوی تەقینەوەی بەندەری شەهید ڕەجایی سەلمێنراوە، ڕایگەیاند:" بەڵگە و گرتە ڤیدیۆییەكان نیشان دەدەن كە ناكارامەیییەكی زۆر لە پرۆسەی باركردن و هەڵگرتن و داگرتنی كاڵا و مادە كیمیاییەكان دەبینرێت."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئێران دەڵێت:" ئەگەری بە ئەنقەست یان مەبەستی خراپ لەم ڕووداوەدا زۆر كەمە."

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە 26ی نیسانی 2025 تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری شەهید ڕەجایی لەبەندەر عەباس ڕوویدا. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە، بەهۆی ئەو تەقینەوەیە 46 كەس گیانیان لەدەستداو نزیكەی هەزارو 500ی تریش برینداربوون.

ئەو میدیایانە ئەوەشیان روونكردووەتەوە، تائێستا 80%ی ئاگرەكە لەلایەن تیمەكانەوە كۆنترۆڵكراوە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری كەشوهەواو بوونی " با"یەكی بەهێز، نەتوانراوە بەتەواوی ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكرێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن