راچڵەكین-
ئەنجوومەنی ئاسایش/ پارتی دەڵێت، لەماوەی دوو رۆژدا بەهۆی هێرشی درۆنەوە لە سنوری پارێزگای دهۆك، پێنج پێشمەرگە برینداربوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نیسانی 2025 ئەنجوومەنی ئاسایش/ پارتی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:"دوێنێ و ئەمڕۆ بەیانی گرووپێكی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنكەكانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆك كردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون."
"بارودۆخی بریندارەكان باشە و پێشمەرگەكان ئامادەن بە ئیرادەیەكی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێكی ناحەزان بدەنەوە."
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:"لە كاتێكدا كە پرۆسەی ئاشتی لە باكوور و كۆنفرانسی یەكێتیی لایەنە كوردستانییەكان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم خەریكە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەكەدا پەك بخەن."
"ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وێڕای سەركۆنەكردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، هۆشداری دەدەینە هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج.
هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ كاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێكی تێكدەرانە."