راچڵەكین-
لەئاكامی زنجیرەیەك شەڕوپێكادان لە جرمانای سوریا كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی لەپێكهاتەی دروزن، لانی كەم 13 كەس كوژران كە ژمارەیەك لەئەندامی هێزە ئەمنییەكانیان تێدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نیسانی 2025 سەرچاوە ئەمنییەكانی سوریا بڵاویانكردووەتەوە، شەوی رابردوو، دوای بڵاوبوونەوەیی تۆمارێكی دەنگی كە تیایدا هێرش كراوەتە سەر پێغەمبەری ئیسلام لەلایەن كەسایەتییەكی دروز، شەڕو پێكادان لەنێوان چەند گروپێكی چەكدار لە شارۆچكەی جرمانا دروستبووەو بەهۆیەوە تائێستا 13 كەس كوژراون كە دوانیان سەر بەهێزە ئەمنییەكانی سوریان.
هاوكات مستەفا عەبدو، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا رایگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە، ژمارەیەك هاوڵاتی سوننە مەزهەبە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان رێكخستووە، لەبەرامبەردا لەلایەن گروپێكی دروزەكانەوە تەقەیان لێكراوەو ژمارەیەك كەس كوژراون.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەڵێت، لەئێستادا كار دەكەن لەسەر دەستنیشانكردنی سەرچاوەی تۆمارە دەنگییەكە، هاوكات داوای دانبەخۆداگرتن و رێزگرتن لەیاسای كردووە.
لەبارەی دروزەكان، پێشڕەو ئیسماعیلی نووسەر دەڵێت، دروزەكان موسڵمانی سوننەن بە رەوتێكی جیا، یاخود مەزهەبێكی جیا لە مەزهەبەكانی سوننە، لە سوریا لە شاری سووەیدا و چەند شارێكی نزیك سنووری ئوردن دەژین، بە گشتی ژمارەیان لە ملێونێك زیاترە و دابەش بوون بەمجۆرە، حەوت سەد هەزار لە سوریا و دوو سەد و پەنجا هەزار لە لوبنان و سەد و چل و سێ هەزاریش لە ئیسرائیل و ئوردن دەژین، ژمارەیەكیشیان لە ئەمریكا و ئەوروپا و فەنزەوێلا دەژین.
ئەو نووسەرە دەڵێت، دروزەكان، بە رەچەڵەك كوردن و بنەماڵەی جونبوڵات لە (گیان پۆڵا)وە هاتووە و كوردی باكووری كوردستانن و ئێستا لە لوبنان دەژین و رابەری دروزەكانن، هەندێكیش رەچەڵەكیان دەبەنەوە سەر كوردی ئێزدی، خێزانی جونبڵات (گیان پۆڵا)، كە خێزانێكی سیاسی كوردن و پێشتر (كەمال جونبڵات) رابەریان بوو، ئێستا كوڕەكەی بە ناوی (وەلید جونبڵات) سەرداریانە و لە لوبنان دەژی.