راچڵەكین -
بەڕێوبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی، روونكردنەوە لەبارەی ئەو دەنگۆیانە دەدات كە باس لە بوونی تێبینیی بەغدا لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسان دەكات، راشیدەگەیەنێت: بۆ مانگی نیسان هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو تەنها داوای یەك مووچە بۆ فەرمانبەرانی بانكەكان كراوەو هیچ گۆڕانكارییەك لەلیستی مووچەكانیان نەكراوە.
دەقی روونكردنەوەكە:
ڕونكردنەوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكان / وەزارەتی دارایی و ئابووری.
لە چەند پەیج و میدیایەك هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە ئاماژەیان بەوەكردووە وەزارەتی دارایی عێراق چەند تێبینییەكی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەبووە، یەكێك لە تێبینییەكان لەسەر مووچەی بانكە حكومییەكان بووە بۆ مانگی نیسان كە گوایە داوای دوو مووچە بۆ بانكەكان كراوە و لەناو لیستەكاندا ناوی دوو بانك لە بیر كراوە و دواتر چارەسەر كراوە .
بە پێویستمان زانی بۆ هەموو لایەكی ڕوون بكەینەوە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و بۆ مانگی نیسان هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو تەنها داوای یەك مووچە بۆ فەرمانبەرانی بانكەكان كراوەو هیچ گۆڕانكارییەك لەلیستی مووچەكانیان نەكراوە.
تێبینی؛ هەرچەندە داواكردنی دوو مووچە بەپێی یاسا بۆ فەرمانبەری بانكەكان بۆ مانگەكانی نیسان و ئاب و كانونی یەكەم ئاساییە و ساڵانە هەر فەرمانبەرێكی بانك لە عێراق و هەرێمی كوردستان پانزە مووچە وەردەگرن كە سێ مووچەیان زێدەكییە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكان/ وەزارەتی دارایی و ئابووری