باج لە میوانی هۆتێل و نەخۆشخانە تایبەتەكان وەردەگیرێت

چاوپێکەوتن

23/06/2021     ژمارەی بینراو 392

راچڵەكین-

لەسەرەتای مانگی تەمووزەوە لە هۆتێل و ریستۆرانت و پرۆژە گەشتیارییەكان ئەوانەی چوار ئەستێرە بۆ سەروەن، 10% باج لە میوانەكان وەردەگیرێت.

لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی سیستمی باج لە هەرێمی كوردستان، باج دەخرێتە سەر میوانانی ریستۆرانت، هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەكان كە لە چوار ئەستێرە بۆ سەرەوەن و لە نەخۆشخانە تایبەتییەكانیش، لە5% باج لەسەر خزمەتگوزارییەكان دادەنرێت.

كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاند "باج وەرگرتن لە كەرتی گەشتوگوزار لە یەكی تەمووزەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن، لە 10% لە چێشتخانە و هۆتێلی دەرەجە یەك ئەوانەی لە چوار ئەستێرە بۆ سەرەوەن، ئەو شوێنانەی كە خەڵكی دەوڵەمەند سەردانیان دەكەن باجیان لێ وەردەگیرێت.

وتیشی:" كۆمپانیاكانی نەوت و پاسەوانی نەوت و خزمەتگوزارییە نەوتییەكان ئێستا وەرگرتنی باج لێیان كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كارمەندانی بیانی كۆمپانیاكانی نەوتیش پێشتر باجیان نەدەدا بەپێی ئەو گرێبەستانەی هەیانبوو ئێستا باج لەوانیش وەردەگیرێت، نەخۆشخانە تایبەتییەكان ئەوانیش لەسەدا پێنج لە كۆی گشتی خزمەتگوزارییەكانیان باج وەردەگیرێت و لە یەكی ئاب دەچێتە بواری جێبەجێكردن".

كەمال تەیب وتیشی: "باج لە بواری كۆمپانیاكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت ئەوەیان لە پرۆژەیاسای بوودجە جێی كراوەتەوە، چونكە ئەوەیان دەبێت بنەمای یاسایی هەبێت، باج لەسەر ئۆتۆمبیلی تایبەتیش كە بڕیاروابوو لە ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان وەربگیرێت راگیرا".

بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری راشیگەیاند "باج دانان لەسەر كەرتی گەشتیاری زۆرینەی شوێنەكان ناگرێتەوە، چونكە زۆربەی هەرە زۆری هۆتێل و چێشتخانەكانی كوردستان، دوو تاوەكو سێ ئەستێرەن واتە زۆرینەی هاووڵاتییان ناگرێتەوە".

كەمال تەیب دەربارەی ئەوەی باجەكە لە هاووڵاتی وەردەگیرێت یان لە خاوەنی شوێنە گەشتیارییەكان وتی: "ئەم باجە VOTی پێدەڵێن لە زۆرینەی وڵاتان هەر بەو شێوەیە جێبەجێ دەكرێت و لە هاووڵاتی وەردەگیرێت، بنەماكەی وایە خەڵكی ئاسایی و هەژار خۆی ناچێتە ئەو شوێنانە، خەڵكی خاوەن پێگە و خواپێداو دەچێتە ئەو شوێنانە، باجیش لە خەڵكی هەژار وەرناگیرێت و بڕیارەكە خەڵكی خواپێداو دەگرێتەوە".

بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، دەربارەی باجی سەر نەخۆشخانە تایبەتییەكانیش رایگەیاند: "ئەویان لەسەر داهاتی گشتی خزمەتگوزارییەكان وەردەگیرێت، داهاتی هەم پزیشكەكان و هەم نەخۆشخانەكە، ئەم باجەیان لە هاووڵاتی وەرناگیرێت، بڕیارەكە لە مانگی ئاب دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەر كەس و شوێنێكیش پابەند نەبێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت باجەكەش بەهیچ جۆرێك ناچێتە سەر نەخۆش".

كەمال تەیب دەربارەی رێژەی باجی سەر كۆمپانیا نەوتییەكان و كارمەندەكانیشیان كە ئێستا وەردەگیرێت وتی: "هەموو باجێكی سەر كۆمپانیاكان بەڕێژەی لەسەدا ١٥ی قازانجەكانیانە و كارمەندە بیانییەكانیش ئەوانەی مووچەكانیان لەسەروو ملیۆنێك دینارەوەیە بۆ هەر ملیۆنێك لەسەدا پێنجیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام لە ملیۆنی یەكەمدا بەخشراون".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن