د. فازڵ نەبی: دەبێت حكومەتی هەرێم هەوڵبدات ئێران بەلای خۆیدا رابكێشێت

چاوپێکەوتن

12/04/2022     ژمارەی بینراو 440

راچڵەكین-

پڕۆفیسۆر د. فازڵ نەبی بریكاری پێشوتری وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراقی دەڵێت، فرۆشتنی غازی سروشتی هەرێم هەنگاوێكی زۆرباشە، بە مەرجێك دەبێت وانەیەك لە فرۆشتنی گاز لە گرێبەستەكانی نەوت وەربگرین. 

د.فازڵ نەبی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە:" لەڕاستیدا بابەتی فرۆشتنی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان ئێستا كە وا دەستیان پێكردووە هێواش هێواش كاری لەسەردەكەن، هەنگاوێكی زۆرباشە بۆ مەسەلەی ئابوری هەرێمی كوردستان، بەڵام بەمەرجێك ئێمە دەبێت وانەیەك وەربگرین لەو گرێبەستانەی كە پێشتر لە مەسەلەی نەوت كردومانە، مەسەلەی نەوت كاتێك كرا كە هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی هەم ئابوری خراپ و هەم بارودۆخێكی سیاسی خراپدا بوو ئەوكات هەرێمی كوردستان بەهەرجۆرێك بوایە دەیویست نەوتەكەی خۆی بفرۆشێت بۆئەوەی بتوانێت سەرچاوەیەكی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان پەیدا بكات، بەڵام ئێستا دەرگای ئەوروپا بۆ هەرێمی كوردستان كراوەتەوە بۆیە پێویست بەوە دەكات ئێمە دەرس- وانەیەك لەو گرێبەستانەی نەوت وەربگرین، وە ئەو گرێبەستانەی گازی سروشتی كە دەیانكەین بەشێوەیەك بێت بەتەواوەتی لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بێت، ئەو هەموو (تەنازول)ە ی لە گرێبەستی نەوت هەبوو نابێت ئەو تەنازولانە لە گرێبەستی گازی سروشتی بكەین. "

د.فازڵ نەبی زیاتر ڕوونیكردەوە:" لایەنی دووەم، مەسەلە ئابوریەكەی ئەوەیان خاڵێكی زۆرباشە چونكە ئابوری هەرێمی كوردستان زۆر پێویستی بە سەرچاوەی دارایی تر هەیە، ئەو سەرچاوانەی تر كە هەیە بەداخەوە لەبەرئەوەی چاكسازیەكی تەواو نەكراوە بەتەواوەتی بەشی هەرێمی كوردستان ناكات و دەبینین كە مووچە خەڵك دوادەكەوێت و زۆربەی زۆری پرۆژەكان وەستاون،‌ هیچ پرۆژەیەكی نوێ لەئارادا نییە، بەڵام وەكو باسمكرد ئەگەر گرێبەستی گازی سروشتی بەشێوەیەك بێت لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بێت ئەوكاتە سەرچاوەیەكی دارایی باشتر بۆ هەرێمی كوردستان پەیدا دەبێت،‌ هەرێمی كوردستان دەتوانێت كە بەتەواوەتی بودجەی خۆی دروست بكات، كە بەداخەوە چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان بودجەی نییە دەتوانێت بودجەی خۆی دەستەبەر بكات و دروستی بكات و بینێرێتە پەرلەمان و لایەنی یاسایی وەربگرێت لەهەمانكاتدا دەتوانێت مووچەی خەڵك لەكاتی خۆی بدات و سەقامگیریەكی دەروونی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، سەقامگیریەكی ئابوری بۆ بازاڕی هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، بێگومان سەقامگیری ئابوریش دەبێته ‌هۆی سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا بۆیە لەهەموو لایەنەكان ئەگەر تەماشای بكەین شتێكی زۆرباشه. "

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی لەو گرفتە كرد كە لە ئێستادا لەبەردەم هەناردەی غازی هەرێم دروست دەبێت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لەو ڕووەوە دەڵێت:"ئێستا ئەوەی ئێمە هەستی پێدەكەین لە هەرێمی كوردستان و دەیبیستین لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەداخەوە لێك تێنەگەیشتنێك یان جۆرە گرفتێك هەیە لەنێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرد یان بابڵێن حكومەتی هەرێمی كوردستان و زۆنی سەوز، ئەوەی گوێمان لێبوو لە ”بەڕێز بافڵ تاڵەبانی” سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەوەبوو كە وتی ئێمە ڕێگەنادەین گازی سروشتی هەرێمی كوردستان بەوشێوەیە بفرۆشرێت كە پێشتر نەوتی هەرێمی كوردستانی لێ فرۆشراوە بۆیە ئەوە لەوانەیە گرفتێك بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات لە مەسەلەی دەرهێنانی گازی سروشتی و فرۆشتنی."

پێشتر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە یۆنان ڕایگەیاند:" هەرێمی كوردستان دەتوانێت قەیرانی غازی وڵاتانی ئەوروپا چارەسەر بكات"

د. فازڵ نەبی ئەو قسانەی قوباد تاڵەبانی بە بەشێك لە حكومەت ناوبردو ووتی:" ڕاستە كاك قوباد لەوێ قسە دەكات، بەڵام كاك قوباد بەشێكە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵام ئێمە هەمیشە ئەو ڕاستیە دەزانین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی دەسەڵاتی بەسەر هەموو سەرچاوەی نەوتی و غازی و دارایی هەرێمی كوردستاندا نییە لە هەردوو زۆندا نەك تەنها لە زۆنێكدا، بۆیە بەبۆچوونی من ئەگەر هاتوو هەردوو حیزب ڕێكنەكەون لەسەر هەندێك مەسەلە لەوانەیە گرفتێك بۆ مەسەلەی دەرهێنان و فرۆشتنی گازی سروشتی هەرێمی كوردستان دروست ببێت. “

دوانزەی مانگی ڕابردوو ئێران لە ڕێگای موشەكی بالیستییەوە هەولێری موشەك بارانكرد، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش لە كۆتایی مانگی ڕابردوو بڵاوی كردەوە هۆكاری موشەك بارانكردنەكە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی لە ڕێگای توركیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.بەوەش ئێران ویستویەتی هۆشداری بداتە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی-عێراق. “

لەو بارەیەوە د. فازڵ نەبی وتی :" لەڕاستیدا ئەوە كێشەیەكی زۆر گەورەیە لە كۆمەڵێك لایەنەوەیە، لایەنی یەكەم، بێگومان ئێرانە هەموومان دەزانین كە توركیا كێشەی نییە لەبەرئەوەی سوودمەندە چۆن هێڵی گواستنەوەی نەوت بە توركیادا دەڕوات، هێڵی ناردنی گواستنەوەی گازی سروشتیش هەر بە توركیادا دەڕوات، بۆیە توركیا سوودمەندە لەو بابەتەدا، بەڵام ئێران هەستدەكات ئەو زیانمەندە لە هەردوولایەنەوە، لەلایەك نەیارەكەی كە توركیایە سوودمەند دەبێت، لایەنی دووەم، خۆی دەیەوێت لە مەسەلەی بابەتی ڕێككەوتنی نەوەوی- تەتۆمی بەرەوپێش بڕوات ئەگەرهاتوو لە هەندێك جێگای تر سەرچاوەی وزەی تر دۆزرایەوە بەتایبەتی مەسەلەی گازی سروشتی لەوانەیە ڕێككەوتنی ئەتۆمی تەگەرەی تێبكەوێت واتە ئەمەریكا ئەو تەنازولاتەی-سازشەی كە دەیەویست بیكات لەوانەیە نەیكات ئینجا ئەوە خاڵێكی زۆر گرنگە بەهەرشێوەیەك هەبێت حكومەتی ئێران لەوانەیە هەوڵبدات گرفت بۆ مەسەلەی ناردنی گازی سروشتی هەرێمی كوردستان دروست بكات، دووەم عێراقیش بەهەمان شێوە. "

بە بڕوای د.فازڵ نەبی حكومەتی هەرێم دەبێت چەند هەنگاوێك بنێت پێش بڕیاری فرۆشتن و هەناردەی غازی هەرێم، د. فازڵ نەبی وتی “ بەڕای من حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت هەماهەنگی زۆرباشی هەبێت یەكەم لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چونكە واپێدەچێت زۆربەی ئەو گازە سروشتیەی كە دەردەهێنرێت لە زۆنی سەوزدا بێت، خاڵی دووەم، دەبێت لەگەڵ عێراق ڕێكبكەوێت لەسەر مەسەلەی نەوت وغاز چونكە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر نەوت و غاز كێشەیەكی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە، پێشتر بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەیانوت ئێمە ئیعتراف بەو بڕیارە ناكەین و جێبەجێی ناكەین، بەڵام شتێكی باشە كە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی كە تازە گوێمان لێبووە وەفدێك دەنێرێتە بەغداد خاڵی سەرەكی كە باسدەكرێت بابەتی چارەسەركردنی كێشەی نەوت و غازە لەنێوان هەردوولا ئەوە بێگومان دەستپێشخەریەكی باشە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد بكات بۆئەوەی ئەو گرفتەی كە هەیە نەیهێڵێت. “

د. فازڵ نەبی زیاتر وتی :" لایەنی تر دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەمانكات هەوڵبدات ئێرانیش بەلای خۆی ڕابكێشێت ڕاستە زۆر زەحمەتە بتوانرێت سێ نەیار ڕازی بكرێت توركیا و ئەمەریكا و ئێران, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڕای من دەكرێت سیاسەتێكی نەرم بەكاربهێنن، هەندێك لێدوان كە پێشتر هەبووە بەرامبەری ئێران لەمەودوا ئەوجۆرە لێدوانانە نەدرێن، هەوڵبدەن قەناعەت بە ئێران بكەن بۆئەوەی ئەویش كێشە دروست نەكات، چونكە ئەمڕۆ بمانەوێت یان نەمانەوێت لەعێراقدا ئێران دەسەڵاتی لە هەموویان زۆرترە، زاڵە بەسەر لایەنی عەرەبی لەعێراقدا بۆیە دەبێت هەرچۆنێك بێت هەماهەنگیەك بكەین، گرفتێكی تر هەیە كە تائێستا بەتەواوەتی بۆمان ڕوون نەبۆتەوە ئەویش شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئەو سزایانەی ئەمەریكا كە خستویانەتەسەر ڕووسیا، لە هەرێمی كوردستان بۆنموونە وەكو (گاز بڕۆم) و (ڕۆز نەفت) ئیش دەكەن نازانین هەتا چ ڕادەیەك حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ مەسەلەی ئەو سزایانەی كە ئەمەریكا خستویەتەسەر كۆمپانیاكانی ڕووسیا ئەوەش گرفتێكی ترە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەباشی كاری لەسەربكات بۆئەوەی لەو لایەنەی تریش توشی گرفتی یاسایی تر نەبێت. "

لەگەڵ باسی فرۆشتنی غازی هەرێمی كوردستان بەشێك لە خەڵكی تەنانەت بەرپرسان و پەرلەمانتارانی حیزبە جیاوازەكان باس لە نیگەرانی خۆیان دەكەن سەبارەت بەو هەنگاوەی هەرێم، پێیان وایە هاوشێوەی نەوت دۆخی ئابوری هەرێم خراپ دەكات.

لەسەر ئەم بۆچونانە، د. فازڵ نەبی دەڵێت:" خەڵك مافی خۆیەتی چونكە هەرێمی كوردستان كاتێك 450 هەزار بەرمیل ڕۆژانە دەفرۆشێت لەوانەیە نزیكەی 80 هەزار بەرمیلیش لەناوخۆش ئەوەش هەر بەفرۆشتن ئەژمار دەكرێت چونكە دەبێتە نەوت و بەنزین، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی خەڵك لەكاتی خۆیدا نادات و دوادەكەوێت، ئابوری هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی پاشەكشەی زۆر خراپدایه،‌ ئێمە نابێت تەماشای بكەین كە ئەو بینایانە بكەین كە دروستدەكرێن ئەوانە حكومەت نییە بەڵكو ئەوانە كۆمەڵێك وەبەرهێنن كە ئەمڕۆ دەسەڵاتیان هەیە و پارەیان هەیە، دەتوانن ئەو وەبەرهێنانە بكەن بۆیە خەڵكی هەژار تەماشا دەكات ڕۆژانە جۆرەها پرۆژەی گەورە لەلایەن هەندێك خەڵكەوە دەكرێت، بەڵام ئەو نان نییە بیخوات ئەوەیە مەسەلەكە، دووەم مەسەلەی شەفاف نەبوونی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت ئەوە وای لە خەڵك كردووە كە متمانە نەبێت لەنێوان خەڵك و حكومەت بۆیەی زۆربەی خەڵك ترسی هەیە كە لەوانەیە غازەكەش بەدەردری نەوتەكە بڕوات، بەڵام پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ترسەی خەڵك بڕەوێنێتەوە بەوەی ئەمجارە لە مەسەلەی گرێبەستی گازی سروشتی زۆر شەفاف بێت زۆر بەدیاریكراویی و بەڕوونی گرێبەستەكان بكات هەروەكو باسمكرد تەنازول-سازش نەكات لەمافی هەرێمی كوردستان بۆ خەڵكی تر ئەوە وادەكات كە هەم متمانەی خەڵك زیاد بێت و هەم بارودۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر بڕوات."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا تا چەند فرۆشتنی غاز دەبێتە هۆی ئەوەی لە كوردستان موچە لە كاتی خۆیدا بە بێ لێ بڕین بدرێت؟ لە وەڵامدا د. فازڵ نەبی وتی“ ئەگەر ئیرادەی ڕاستەقینەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هەبێت واتە لەهەردوو زۆنەكە چونكە لە زۆنێك بەشێوەیەك بێت و لە زۆنەكەی تر بەجۆرێكی تر ئەوە بەكەڵكمان نایەت، ئەگەر ئیرادەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هەبێت ئێستاش دەواترێت مووچەی خەڵك بدرێت بەبێ دواكەوتن و بەبێ فرۆشتنی گازی سروشتی بەڵام بەداخەوە ئەو ئیرادە سیاسیە نییە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی بەسەر هەموو داهاتەكانی خۆیەوە نییە ئەوە كارەساتە."

چ بەرژەوەندێكی سیاسی كە مووچەی خەڵك دوابخرێت؟ لە وەڵامدا د.فازڵ نەبی دەڵێت“ ئەمە مەسەلەی بوونی گەندەڵی و بوونی ناشەفافیە، داهاتی هەرێمی كوردستان هەمووی ناگەڕێتەوە گەنجینەی حكومەت، مەسەلەی سیاسی نییە بیانەوێت خەڵك برسی بكەن بەڵام لەبەرئەوەی حكومەت ناتوانێت هەموو داهاتەكانی خۆی بۆخۆی بگەڕێنێتەوە زۆر لە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەهەدەر دەڕوات لەلایەن گەندەڵكارانەوە بۆیە وایلێهاتووە كە خەڵك مووچەكەی دوابكەوێت، بەڵام ئەگەر ئەو ئیرادە سیاسیەی كە باسمكرد لەسەر چاكسازی و پێدانی تەواوی دەسەڵاتەكان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گێڕانەوەی پارەی خاڵەسنورییەكان و لە گێڕانەوەی پارەی باج و رسومات هەمووی بچێتەوە ناو گەنجینەی دەوڵەت، هەروەها لە مەسەلەی نەوت هەندێك گرێبەستی لاوەكی هەیە ئەو گرێبەستانە نەمێنن كە هەندێك خەڵك تێیدا سوودمەندە ئەوە هەمووی وادەكات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتێكی باشی بۆ بگەڕێتەوە ئەوكاتە زۆر بەئاسانی دەتوانێت مووچەی خەڵك بدات و پرۆژەی تریشی پێبكات."

واتە ئێستا كێشەی داهات نییە لە هەرێمی كوردستان بەڵكو كێشەكە سیاسیە و نەگەڕانەوەی داهاتە؟ وەڵامەكەی د. فازڵ نەبی بەمجۆرە بوو" بەڵێ كێشەكە نەگەڕانەوەی داهاتە بەشێوەیەكی دروست بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن