چۆن خۆت لە کۆلێرا دەپارێزی؟

تەندروستی

19/06/2022     ژمارەی بینراو 457

ڕاچڵەکین-

پزیشکێکی پایەبڵندی هەناوی هۆشداری دەدات بە هاووڵاتییان کە رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و دەڵێت:"  تەنها دوێنێ لەماوەی ۱٥ کاژێردا، ۲۹٥ نەخۆشم لەگەڵ هاوپیشەکەم لە فریاکەوتنی پێشوازی شەهید د. هێمن بینیوە، کە ژمارەیەکی زۆرە".

د. یاداشت ساڵح، پزیشکێکی پایەبڵندی هەناوی رایگەیاندووە، چەند ڕۆژێکە پەتای سکچوون و ڕشانەوە بە ڕێژەیکی بەرچاوو لەشارەکەمان بڵاوبۆتەوە، بەجۆرێک فشارێکی ئێجگار زۆر لەسەر چارەخانە، پزیشک و ستافی تەندروستی درووستبووە. ئەگەر بەو شێوە بەردەوام بێت، ڕەنگە ڕووبەڕووی کورتهێنانی توانای مرۆیی و جێگەی پێویست ببینەوە. تەنها لەماوەی ١٥ کاژێردا، ۲۹٥ نەخۆشم لەگەڵ هاوپیشەکەم لە فریاکەوتنی پێشوازی شەهید د. هێمن بینیوە، کە ژمارەیەکی زۆرە.

ئەم پەتاییە، کە گومانی زۆر دەکرێت کۆلێرا بێت، بەگشتی لەڕێی خواردن و خواردنەوەی پیسبووەوە دەگوازرێتەوە.

بۆئەوەی شارەکەمان و هاوڵاتییەکانمان هەم هاوکارمان بن و هەم خۆشیان دووربن لەم پەتا بڵاوە، پێویستە ئەم ڕێنماییە تەندروستییانە پەیڕەوبکەن:

۱.) لەم ماوەیەدا، خواردنی دەرەوە، خۆراکی سەردانەپۆشراو بەکارمەهێنە. تا دەتوانیت ژەمی نانخواردنت با لەماڵەوەبێت.

۲.) پێش نان خواردن و پاش چوونە تەوالێت، بە ئاو و سابوون بۆ ماوەی ۲۰ چرکە دەستەکانت بشۆ.

۳.) دووربکەوەرەوە لەبەکارهێنانی ئاوی بەلوعە، بەڵکو ئاوی ئامەدەکراو یاخود کوڵهاتە بەکاربێنە بۆ خواردنەوە، ئامەدەکردنی خواردن، ددان شتن و قاپ شوشتن.

٤.) تا دەتوانیت لەم کاتەدا خواردنی دەریایی وەک ماسی مەخۆ، ئەو خواردنانەشی لەماڵەوە ئامەدەی دەکەیت وەک گۆشت، بەشێوەیەکی باش با بکوڵێنرێن و بەگەرمی بخورێن.

٥.) بۆماوەیەکی کاتی خۆت لەمەلەوانیکردن لەناو مەلەوانگە و چەمەکان بپارێزە.

٦.) لەکاتی سکچوون و ڕشانەوە گیراوەی Rice_based ORS بەکاربهێنە، هەر کیسێک بخەرە ناو لیترێک ئاوی کوڵهاتەوە و لەدوای هەموو سکچوونێک پەرداخێکی لەبخۆرەوە تا قەرەبووی ئەو کانزا و ڤیتامینانەت بۆبکاتەوە کە لێت ڕۆیشتووە.

۷.) ئەگەر گیراوەی ORS بەردەست نەبوو، دەتوانیت نیو کەوچکی چا (خوێ) لەگەڵ شەش کەوچکی چا (شەکر) بخەیتە ناو لیترێک ئاوی کوڵهاتەوە و گیراوەیەکی لێ دروست بکەیت. لەپاش هەر سکچوون و ڕشانەوەیک پەرداخێکی لێبخۆرەوە.

۸.) ئەگەر سکچوون و ڕشانەوەکەت لەڕادەبەربوو، بەجۆرێک توانای خواردن و خواردنەوەت نەما و تەواو شەکەت بوویت، باشترە لەماوەی ۲٤ کاژێردا سەردانی فریاکەوتنی شەهید د. هێمن بکەیت بەمەبەستی ئەنجامدانی ژووان لەگەڵ پزیشکی تایبەتمەند. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن