وەزارەتی خوێندنی باڵا مەرجی دامەزراندنی وانەبێژان بڵاودەكاتەوە

کوردستان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 201

راچڵەكین -

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم، مەرجەكانی دامەزراندنی وانەبێژان ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: هەر ناوێك وەك وانەبێژ بۆ وەزارەت رەوانە بكرێت و مەرجەكانی تێدا نەبێت، لێپێچینەوەی یاسایی ئەنجام دەدرێت.

لە گشتاندنێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ سەرجەم زانكۆ و دامەزراوە حكومییەكانی هەرێمی كوردستان رەوانەكراوە، جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی وانەبێژان سەرجەم ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە لە ساڵانی خوێندنی (2019-2020) تاكو (2023-2024) وانەبێژ بوون لە زانكۆ و دامەزراوەكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا.

هەر لە گشتاندنەكەدا هاتووە پێویستە بەڵگەنامەی پێویست هەبێت كە بیسەلمێنێت ناوبراوان بە كردارەكی وانەبێژ بوون لە زانكۆ حكومییەكان، واتە (پارەی وەرگرتبێت، یان ناوی لە خشتەی وانەوتنەوەدا هەبێت، یاخود فەرمانی زانكۆیی هەبێت)، بە پێچەوانەوە هەر ناوێك وەك وانەبێژ بۆ وەزارەت بنێرن و مەرج و خاڵەكانی ئاماژەپێكراوی تێدا نەبێت، لێپێچینەوەی یاسایی ئەنجام دەدرێت.

لە بەشێكی دیكەی گشتاندنەكەدا هاتووە، سەرجەم ئەو ناوانەی كە زانكۆكان بۆ وەزارت ناردویانە یاخود ئامادەكراون بۆ ئەوەی بۆمان بنێرن، لەسەر بنەمای ناوەڕۆكی ئەم گشتاندنە پێداچوونەوەو وردبینی بۆ بكەن تاكو كۆتایی دەوامی رۆژی دوشەممەی داهاتوو ڕێكەوتی (9/ 9/ 2024) وەك دوا وادە بەدەستمان بگات بۆ ئەوەی كاری پێویست لەلایەن وەزارەت ئەنجام بدرێت، بۆیە هەر زانكۆیەك ناوەكان تا ئەو ڕێكەوتە نەنێرێت، وانەبێژانی بێبەش دەبن و كاریان لەسەر ناكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن