راچڵەکین-
جارێکی دیکە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی 10ـەمی حکومەتی هەرێم لیژنە تەکنیکییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، رێواز فایەق، ئەندامی شاندی تەکنیکی دانووستانەکانی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، بۆ جاری پێنجەم لیژنە تەکنییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا لە هەولێر کۆدەبنەوە.
رێواز فایەق ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن، چونکە لە ئێستادا خاڵە هاوبەشەکانیشیان زیاترە لە خاڵە ناکۆکەکان هەرچەندە جیاوازییان لە بیروڕا هەیە لەبارەی میکانیزمی پێکهێنانی حکومەت بەڵام ئەمە نابێتە گرفتێکی گەورە لەبەردەم خاڵە هاوبەشەکانیان.
وا بڕیاربوو کە پێشنیوەڕۆی رۆژی 29-1-2025 ، هەردوو شاندی تەکنیکیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ جاری پێنجەم لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بەهۆی چەند پرسێکی ناوخۆی هەرێم و بەغدا دواخرا بۆ ئەمڕۆ.
هاوکات بە گوێرەی میدیاکانی یەکێتی وا چاوەڕوان دەکرێت کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمجارەی یەکێتی و پارتی، بەرنامەی کاری هاوبەشی هەردوو حزب بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت ئامادە بکرێت و ئەمەش ببێتە دواین کۆبوونەوەیان.
تاوەکوو ئێستە یەکێتی و پارتی چوار جار بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت کۆبوونەوەتەوە، دوایین کۆبوونەوەشیان رۆژی 21-01-2025 بوو لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر.