وتەبێژی پارتی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

20/11/2020     ژمارەی بینراو 707

راچڵەكین –

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنەوەیەك لەبارەی دەستێوەردانی حزبەكەی لە دیاریكردنی بابەشێخی ئێزدییەكان بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، رێز لە بڕیاری ئێزدییەكان دەگرین و لەدوور و نزیكیشەوە تەدەخول و پەیوەندیمان بە چۆنیەتی دیاریكردنی بابەشێخ نییە.

مەحمود محەمەد، لەو روونكردنەوەیەدا كە ئەمڕۆ 20-11-2020 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕوانگای باوەڕبوونی بە ماف و ئازادییە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكانەوە، سەرەڕای ئەوەیش بە ئەركی خۆیان زانیوە بەردەوام هەوڵی زیاتر بدەن بۆ قوڵكردنەوەی ئەم بیروباوەڕەو بەكرداریش لە ناوخۆی حزبەكەیاندا پەیڕەوییان لێكردووە، لەو سونگەیەشەوە هەوڵیانداوە هاونیشتمانیانی كوردی ئێزدیش وەكو بەشێكی رەسەنی نەتەوەكەمان، ئازادی تەواویان هەبێ لەڕووی بیروباوەڕی ئایینی و رێوڕەسمەكان و رێكارەكانی دیاریكردنی پلە و پایە جڤاكی و ئاینییەكانیاندا و، هیچ جۆرە دەستێوەردانێك لە كاروبارەكانیان نەكرێت.

وتەبێژی پارتی باسی لەوەكردووە وەك چۆن لە دوای كۆچی دوایی میر تەحسین بەگ، بەگوێرەی نەریت و رێكارەكانی ئێزدییان كەسێك لەشوێنەكەی دانرا، بەهەمان شێوەش دوای كۆچی دوایی بابەشێخ، بەگوێرەی رێكار و داب و نەریتی ئایینی خۆیان، ئێزدییەكان (بابەشێخ) یان دیاریكردووە.

لەبارەی دەنگۆی دەستوەردانی پارتی لە دیاریكردنی بابەشێخی ئێزدییان، مەحمود محەمەد رایگەیاندووە، ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوور و نزیكەوە تەدەخول و پەیوەندیمان بە چۆنیەتی دیاریكردنی پلە و پایە جڤاكی و ئاینیەكانی خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی نەبووە، بەڵكو رێز لە ئەنجامی كۆبوونەوەی شێوازی هەڵبژاردنی بابەشێخ و بڕیارەكانیان دەگرین و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین.

وتەبێژی پارتی لە روونكردنەوەكەیدا، دڵنیایی خۆی نیشانداوە كە شنگالییەكان زۆر لەوە گەورەتر و شارەزاتر و زاناترن، كە خەڵكێكی بێگانە هەوڵبدات ناكۆكی و دووبەرەكیان لەناودا دروست بكات و دەست بخاتە ناو تایبەتمەندییەكانیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن