راگەیەندراوێكی بەپەلە لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

کوردستان

24/11/2021     ژمارەی بینراو 436

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخان كرد بۆ باشتركردنی بەشە ناوخۆییەكان و بارودۆخی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان، ڕێكاری یاساییش بەرامەبر ئەو كەسانە دەگرێتەبەر كە سووكایەتیان بە ئاڵای كوردستان كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24-11-2021، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان كرد، كە ساڵانە لە 25ی نۆڤێمبەر، لە جیهان و هەرێمی كوردستان یادی دەكرێتەوە. سەرۆكی حكومەت دووپاتیكردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ لە پێناو نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەك، بەتایبەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان، هەروەك لە كارنامەی كابینەی نۆیەم جەخت لە پاراستن و داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان كراوەتەوە .

پاشان سەرۆكی حكومەت ، باسی لە گرنگیی بەشداری شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی ( دایەلۆگی مەنامە 2021 ) كرد كە لە ڕۆژانی 19- 21 ی نۆڤێمبەری 2021 لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچوو. سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە وەدا كە بەشداری هەرێمی كوردستان، جەختكردنەوە بوو لە ڕۆڵی گرنگیی هەرێم  وەك فاكتەرێكی سەقامگیریی لە ناوچەكەدا . 

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ، گفتوگۆ دەربارەی پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیامی هەرێمی كوردستان بۆ لایەنە سیاسییەكان كرا، كە پێویستە دایەلۆگێكی هێمنانە لە نێوان لایەنەكاندا بكرێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵات، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە بایەخی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا كردەوە لە پێناوی دابینكردنی ماف وشایستە دەستوورییەكانی هەرێم.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، بابەتی ناڕەزایی قوتابیان وخوێندكارانی زانكۆ وپەیمانگاكان تاووتوێ كرا ، كە ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی، پوختەی بابەتەكەی خستەڕوو بۆ ئەنجومەن، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانكردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشتركردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەكان و دۆخی قوتابیان وخوێندكارانی  زانكۆ وپەیمانگەكان  ، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختكردنەوە و ڕاسپاردنی هێزەكانی چالاكی مەدەنی بۆ زامنكردنی مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی قوتابیان وخوێندكاران  بۆ داواكردنی مافەكانیان دوور لە توند وتیژی، لە هەمانكاتدا  ئەنجومەنی وەزیران، بە توندترین شێوە ئیدانە و سەركۆنەی ئەو بێ ڕێزی و سووكایەتییە دەكات كە  لە لایەن هەندێك كەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەكانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی  كوردستان كرا ، ڕێكاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووكایەتییە دەگرێتەبەر،  هەروەها پەلاماردان و سووكایەتیكردن بە هێزە ئەمنییەكان و ئەنجامدان و تێكدان و وێرانكاری دامەزراوەكانیش، سەركۆنە و شەرمەزار دەكات.

بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە،  بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێك دەربارەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كۆچبەران لە سنوورەكانی بێلارووس و پۆڵەندا و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ هەرێمی كوردستان كە لە لایەن سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای دەستخۆشی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان، جەختی كردەوە لە بەردەوامیی بەھاناوەچوونی ئەو كۆچبەرانە وئاسانكاریی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ هەرێم، لە هەمانكاتدا جەختكرایەوە لەوەی وەزارەتی ناوخۆ،  لێكۆڵینەوە و ڕێكاریی قانونی بگرێتەبەر لەبەرامبەر ئەوانەی كە ئەم بارودۆخەیان قۆستووەتەوە و بازرگانی دەكەن بە ژیان و سەلامەتی كۆچبەران.

بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە ، خستنەڕووی ڕاپۆرتێكی گشتگیر بوو لە لایەن عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان كە تێیدا بارودۆخی ژینگە لە هەرێم خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختكردنەوە لە بایەخی ژینگە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، كە پرسێكی نێودەوڵەتیی گرنگە وجێی بایەخ وگرنگی حكومەتی هەرێمیشە، بۆیە گشت وەزارەتەكانی ڕاسپارد كە هاوكاری دەستەی پاراستن وچاككرنی ژینگە بكەن بۆ ئەو پێشنیاز و پڕۆژانەی لە لایەن سەرۆكی دەستەوە لە كۆبونەوەكەدا خرانەڕوو ، بڕیاردرا ئامادەكاریی پێویستیش بكرێت بۆ سازدانی كۆنفرانسێكی زانستیی فراوان وگشتگیر بۆ پەرەپێدانی ژینگە لە هەرێمی كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن