بەوێنە.. گۆڕانی كەشوهەوا مەترسی لەسەر ژیانی گیانەوەرانی جەمسەری باكوور دروستدەكات

مەڵتی میدیا

03/08/2022     ژمارەی بینراو 919

راچڵەكین –

لە كاتێكدا لە سەدا ٧،٩ی زەریاكانی جیهان پارێزراون، كەمتر لە سەدا ١،٥ی زەریای جەمسەری باكوور پارێزراوە. ئەگەر بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەم ناوچەیە كە تێیدا زۆر زیاتر هەست بە گۆڕانی كەشوهەوا دەكرێت، بەردەوام بێت، ئەوا گیانەوەرانی ناوچەی جەمسەری باكوور رووبەڕووی مەترسی لەناوچوونی شوێنی نیشتەجێبوونیان دەبنەوە.

ئەو گیانەوەرانەی كە لە ناوچەی جەمسەری باكوور دەژین، خۆیان دەگونجێنن بۆ گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوونیان، یان رووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە.

بەگوێرەی زانیاریيەكان، توانەوەی ناوچە سەهۆڵییەكانی جەمسەری باكوور بەخێرایی، وادەكات جیهان بە خێرایی گەرم بێت.

كەمبوونەوەی سەهۆڵی دەریا لە جەمسەری باكوور، دەبێتە هۆی گەرمبوونی زیاتری ناوچەكە، هەر لەبەر ئەوەش، نەمان یان كەمبوونەوەی ئەم ناوچانە، گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ ئەو گیانەوەرانەی كە لە ناوچەی جەمسەری باكووردا دەژین و پشت بە سەهۆڵی دەریا دەبەستن.

توانەوەی سەهۆڵی دەریا بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە؛ دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێك جۆر لە گیانەوەران كە لەو ناوچانەدا دەژین، شوێنی نیشتەجێبوونیان بگۆڕن، هەروەها بە واتای لەناوچوونی جۆرەكانی وەك ورچی جەمسەری دێت.

ئەمساڵ، بە تایبەت لە مانگەكانی پاییزدا، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما تا چوار پلە لە ناوچەی جەمسەری باكوور، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەم ناوچەیە خێراترین شوێنە لە گۆی زەوی كە گەرم دەبێت.

گەرمبوونی گۆی زەوی دوو بۆ سێ هێندەی تێكڕا زیادیكردووە، ئەگەر رێوشوێن نەگیرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی دەردانی گازە گەرمی پارێزەكان، ئەوا بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، گۆڕانی پلەی گەرمی و زیادبوونی كارەساتە سروشتییەكان روودەدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن